ئەنتۆنی بلینکن لەسەر دۆخی غەززە سەردانی ئیسرائیل دەکات
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەگاتە ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە شەڕی کەرتی غەززە، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا لەو شارە بەردەوامە، هەروەها ترس لە فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا زیاتر بووە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رۆژی یەکشەممە لە چوارچێوەی گەشتێکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە قەتەر و ئیدانەی کوژرانی هەزاران فەڵەستینی کرد و گوتی: "کارەساتێکی بێ وێنەیە" هۆشداریشی دا کە "رەنگە ئەم ململانێیە بە ئاسانی بڵاوبێتەوە".
بلینکن ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی ئیمارات و سعوودیە دەکات دواتر دەچێتە تەلئەڤیڤ و سبەی سێشەممەش لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل گفتوگۆ دەکات.
ئەمە چوارەم گەشتی بلینکنە بۆ ناوچەکە لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر، لە کاتێکدا واشنتن لە رووی سەربازی و سیاسییەوە پشتیوانی ئیسرائیل دەکات.
دوای ئەوەی دوو وەزیری ئیسرائیل داوایان لە دانیشتوانی کەرتی غەززە کرد بۆ ئەوەی ناوچەکەیان چۆڵ بکەن، بلینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قەتەر گوتی: پێویستە ئەو فەڵەستینیانەی کە ئاوارە بوون بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 1.9 ملیۆن کەس لە کۆی دوو ملیۆن و 400 هەزار کەس لەکەرتی غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە "شوێنی مەرگ" وەسفی کردووە، لە کاتێکدا کەمیی دەرمان، خۆراک و ئاو و سووتەمەنی بووەتە کێشەیەکی گەورە و سەرەکی.
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی ئیسرائیل کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هەزار و 140 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، هەروەها 250 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران کە نزیکەی 100 کەسیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکان ئازاد کراون.
هەروەها بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە کە رایگەیاندووە، لە دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا 22 هەزار و 835 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەدا 85 دانیشتوانی کەرتی غەززە ناچارکراون شارەکەیان بە جێبهێڵن.