ئەمەریکا: وڵاتانی گرووپی "G7" دەیانەوێت لە پارە بلۆککراوەکانی رووسیا هاوکاری ئۆکرانیا بکەن
K24 - هەولێر
جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتانی گرووپی "G7" بیر لە بژاردەکانی دەستبەسەرداگرتن و ناردنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە.
یێڵن ڕوونیکردەوە کە بۆ ئەوەی لەم بابەتەدا بەرەو پێشەوە بچن، پێویستە گرووپی "G7" لەسەر بنەمای یاسایی رێکبکەون، ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەرییە ئەگەرییەکانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە لەسەر دۆلار نیگەرانی دروست دەکات.
بە گوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، گرووپی "G7" پێویستی بە کەمکردنەوەی ئەو ترسانە هەیە، کە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی رووسیا وەڵامەکان چی دەبن، ئەمەش ئەو راستییە ئاشکرا دەخاتە روو کە هەڵگرتنی سەروەت و سامان لە ئەمەریکا و ئەوروپا ناپارێزراوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە کۆتایی مانگی شوباتی داهاتوودا، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامانی گرووپی "G7" باس لە تیۆرێک دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە پەرەی پێدراوە و بە بنەمایەکی یاسایی دەزانێت بۆ ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا بە بەهای 300 ملیار دۆلار.
بەپێی سەرچاوەی ئاژانسەکان، نوێنەرانی ئەمەریکا پێشبینی ناکەن ئەندامانی گرووپی "G7" بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی رووسیا لە کۆبوونەوەی مانگی شوباتدا رابگەیەنن، بەڵام هیوادارن رازی بن بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی بەهێزتر لەسەر ئەم پرسە.
بۆ جێبەجێکردنی دەستبەسەرداگرتن، پێویستە یاسای زۆرێک لە وڵاتان هەموار بکرێتەوە، لەوانە ئەمەریکا و بەریتانیا.
پێشتر رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو کە ئەمەریکا داوای لە گرووپی "G7" و وڵاتەکەی کردووە کە بەدواداچوون بۆ رێگاکانی ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیادا بکەن.
ساڵی رابردوو دیمیتری پێسکۆڤ، سکرتێری رۆژنامەوانی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، پێشێلکردنی مافەکانی خاوەندارێتی تایبەت، دەوڵەتی یان کۆمپانیاکان، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و لەم رووەوە رایگەیاندبوو، کە رووسیا تا ئەو جێگایەی دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت.