ئەو کەسەی بە ڤایرۆسی ستۆکسنێت دامەزراوەیەکی ئەتۆمی لە ئێران پەکخست ئاشکرا کرا
"تێچووی پلانەکە لە ئەستۆی ئەمەریکا و ئیسرائیل بووە کە یەک ملیار دۆلار بوو"

K24 – هەولێر
دوای 16 ساڵ لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی رۆژنامەیەکی هۆڵەندی ناسنامەی ئەو بریکارەی ئاشکرا کرد کە ڤایرۆسی "ستۆکسنێت"ـی رەوانەی دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ناتەنز لە ئێران کردووە، کە پرۆسەکە ماوەیەکی زۆری خایاندووە و ئەمەریکا و ئیسرائیل هاوکارییان کردووە.
ئەمەریکا و ئیسرائیل پەرەیان بە ڤایرۆسی ستۆکسنێت دا، کە لە ساڵی 2010 دۆزرایەوە، دوای ئەوەی بەکارهێنرا بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەی ناتەنز، کە لە یەکەم هێرشی جۆری خۆیدا ڤایرۆسەکە بەکار هێنرا بۆ هێرشکردنە سەر ئامێرە پیشەسازییەکان، کە بەرپرسانی ئێران لەو کاتەدا رایانگەیاندبوو، ڤایرۆس لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهری داوە، کە رووی لە کەنداوی عەرەبی کردبوو.
ڤایرۆسەکە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریی زیانبەخشە کە هێرش دەکاتە سەر سیستەمی کۆنترۆڵکردنی پیشەسازی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنراوە و لەلایەن کۆمپانیای "سیمێنس ئەی جی" ئەڵمانی بەرهەم هێنراوە، هەروەها لاوازییە ئەمنییەکانی سیستەمی کارپێکردنی مایکرۆسۆفت ویندۆز دەقۆزێتەوە. شارەزایان دەڵێن: دەکرێت ڤایرۆسەکە بۆ سیخوڕی یان تێکدان بەکاربهێنرێت.
دوای چەند ساڵێک لەو هێرشەی کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی پەکخست و گرژیی نێوان تاران و رۆژئاوای لێکەوتەوە، رۆژنامەی "دی ڤۆڵکسکرانت" وردەکارییەکانی گەیشتنی هەواڵگری ئەمەریکی و ئیسرائیلی بۆ ئەو دامەزراوەیە ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی ئەندازیارێکی هۆڵەندی سەرکەوتوو بوو لە چوونە ناو ئامێرەکان و پەمپەکانی ئاوی دامەزراوەی ناتەنز بەم ڤایرۆسە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کە رۆژنامەی "دی ڤۆڵکسکرانت" بڵاویکردووەتەوە، ئەندازیاری هۆڵەندی "ئێریک ڤان سابین"، بریکاری دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی گشتی هۆڵەندا "AIVD"، ئەو کەسە بووە کە سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە دامەزراوەی ناتەنز، بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییە کە ماوەی چەند ساڵێک بوو کاری لەسەردەکرد بە هاوکاری نێوان دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و مۆسادی ئیسرائیل، کە تێچووی پەرەپێدانی ڤایرۆسەکە یەک ملیار دۆلار بووە.
لە مانگی یەکی ساڵی 2011 رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بوونی هاوکاری هەواڵگری ئەمەریکا و ئیسرائیلی بۆ پەرەپێدانی ڤایرۆسەکە ئاشکرا کرد، سه رچاوه هەواڵگرییەکان به رۆژنامەکەیان راگەیاند، ئیسرائیل کاریگەری ڤایرۆسەکەی لەسەر دامەزراوەی ناوەکی دیمونە تاقیکردووەتەوە.
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسە، دی ڤۆڵکسکرانت، مردنی ئەندازیارەکە مەترسی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانی لە دژی نەهیشتووە، هەروەها رەزامەندی خێزانەکەی وەرگرتووە بۆ بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئەندازیارەکە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەندازیارەکە ئەرکێکی لە رادەبەدەر مەترسیداری لە ئێران ئەنجامداوە، بە دزەکردنە ناو دامەزراوەی ناتەنز لە ساڵی 2007، کە ئامێر و کەرەستەکانی پیس کردووە، راشیگەیاندووە، پێش ئەوەی دەرئەنجامی گەورەترین گورز لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران دەربکەوێت، بەماوەی هەشت مانگ دوای رەوانەکردنی ڤایرۆسەکە، هەزار ئامێری دامەزراوەی ناتەنز پەکخراوە.

پرسیارەکان
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەو ئەندازیارە هۆڵەندییە، هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی ئێرانی کردووە، لە کۆمپانیایەکی گواستنەوە لە دوبەی کاری کردووە، هەروەها چەند جارێک سەفەری ئێرانی کردووە. کۆمپانیای گواستنەوەی "تی تی ئێس ئینتەرناشناڵ" رایگەیاندووە، پێشتر پارچەی یەدەگیان بۆ پیشەسازی نەوت و غازی ئێران ناردووە، بەڵام ئاگاداری چالاکییە نهێنییەکانی کارمەندەکەیان نەبووینە کە بریکاری هەواڵگەری هۆڵەندییە.
لە کۆتایی ساڵی 2008 سابین و خێزانەکەی گەشتیان بۆ ئێران کردووە، بۆ ئەوەی پشووی کۆتایی ساڵ بەسەر ببەن و ماوەی 10 رۆژ بمێننەوە، بەڵام رۆژێک دوای هاتنی بۆ ئێران داوای لەخێزانەکەی کردووە یەکسەر بڕۆن، ژنەکەی دەڵێت: زۆر دڵتەنگ بوو و پێداگری لەسەر ئەوە کرد یەکسەر بڕۆین، دوای دوو هەفتە لە رۆیشتنی لە ئێران، سابین لە رووداوێکدا لە شاریقە لە نزیک دوبەی گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بە ماتۆڕسکیلەکەی چووە دەرەوە و ماتۆڕسکیلەکەی وەرگەڕا و ملی شکا.
مردنی سابین پرسیاری لای دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا دروستکرد و ترسی ئەوەشیان هەبوو کە مردنەکەی پەیوەست بێت بە چالاکییە نهێنییەکانی لە ئێران، ئەفسەرێک لە دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی سەربازی دەڵێت: "باجێکی زۆری داوە"، رۆژنامەکە دەشڵێت: قسەیان لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە لە شوێنی رووداوەکە بوون، هیچ ئاماژەیەک نییە کە رووداوەکە بە ئەنقەست بووبێت.
ئەو لێکۆڵینەوەیە دوو ساڵە لەسەر بنەمای وەرگرتنی گوتەی 43 کەس بووە، کە 19 کەسیان لە دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی گشتی هۆڵەندا "AIVD" و دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی سەربازی هۆڵەندا "MIVD" و دوو کارمەندی پێشووی هەوڵگری ئیسرائیلی "مۆساد" و دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلی "ئامان"، و دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا "CIA".
ئەمە دووەم ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیە کە رۆژنامە هۆڵەندییەکە بڵاویکردووەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ یاهوو نیوز لە ساڵی 2019دا، کە تێیدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بریکارێکی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی گشتی هۆڵەندا لە هێنانە ناوەوەی ڤایرۆسی ستۆکسنێت بۆ ناو کۆمەڵگەی ئەتۆمی ئێران، ئاشکرا دەکات، بەبێ ئەوەی بریکارەکە بناسرێتەوە.
جەنگی دیجیتاڵی
سەرچاوەیەکی هەواڵگری هۆڵەندی ئۆپەراسیۆنی ڤایرۆسی ستۆکسنێتی بە شکست بۆ دەزگای هەواڵگری گشتی و ئاسایشی هۆڵەندا وەسف کردووە، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، خستنە بازاڕی ڤایرۆسی ستۆکسنێت راگەیاندنی دەستپێکردنی جەنگی دیجیتاڵییە.
مایکل هایدن، بەڕێوەبەری پێشووی "سی ئای ئەی" لە مانگی ئاداری ساڵی 2012 رایگەیاند، ڤایرۆسەکە "بیرۆکەیەکی باشە" بۆ پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، بەڵام پێشینەیەکی مەترسیداریشی هەیە.
لێکۆڵینەوەکان پرسیار دەوروژێنن کە بۆچی حکومەتی هۆڵەندا و دوو دەزگای هەواڵگری سەرەکی هۆڵەندا و لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی گشتی و هەواڵگری لە وردەکاری ئۆپەراسیۆنی ستۆکسنێت ئاگادار نەکردووەتەوە، رۆژنامەکە راشیگەیاند، شارەزایانی نێودەوڵەتی تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە کردەی شەڕ لەگەڵ ئێران سەیر دەکەن ئەمە لەککاتێکدایە کە هیچ شەڕێک لەنێوان هۆڵەندا و ئێراندا نییە.