ئێران: بەر لە گفتوگۆی ئەتۆمی دەبێت شەڕ لە هەموو بەرەکان رابگیرێت

لە کاتێکدا شاندێکی باڵای ئێران بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر، تاران مەرجێکی پێشوەختەی خستووەتەڕوو و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت سەرەتا شەڕ لە هەموو بەرەکاندا ڕابگیرێت پێش ئەوەی هیچ گفتوگۆیەک لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دەستپێبکات.

یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە یاوەریی ئەو شاندە فەرمییەی قەتەر کە سەردانی تارانی کردبوو، گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە مەبەستی ئەنجامدانی وتووێژ سەبارەت بە دواین پێشهات و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا.

چەند سەرچاوەیەک بۆ میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، شاندی قەتەر لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا، کە بڕیارە ئەوانیش بە هەمان مەبەست بگەنە دەوحە. بە پێی زانیارییەکان، تیمی دانوستانکاری ئێران لە کەسایەتییە دیارەکانی دۆسیەی دەرەوە و ئەتۆمی پێکهاتووە، لەوانە: کازم غەریب ئابادی، مەجید تەخت رەوانچی و عەلی باقری کانی، هاوشان لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی دەرەوەی ئێران.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە شاندە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکاش چەندین شارەزا و پسپۆڕی دیاری کاروباری ئێران و ناوچەکە لەخۆ دەگرێت.

هاوکات ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە تاران هەڵوێستێکی روونی لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا گرتووەتەبەر، بە شێوەیەک راگرتنی تەواوەتیی شەڕ لەسەرجەم بەرە جیاوازەکاندا وەک دیارترین و سەرەکیترین مەرجی پێشوەختەی ئێران دەستنیشان کراوە، بەر لەوەی هیچ چوونەناوەوەیەک و وتووێژێکی کرداری لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکان دەستپێبکات.