پیاوێکی بەریتانی: مشکێک شەوانە ماڵەکەم رێکدەخاتەوە

K24 - هەولێر

پۆستەچییەکی خانەنشین بەناوی "رۆدنی هۆڵبروک" کامێراکانی دانا بۆ ئەوەی بزانێت کێ هەموو شەوێک ماڵەکەی رێکدەخاتەوە، یارمەتیدەرێکی چاوەڕواننەکراوی بینی کە شەوانە بە دەوری مێزی کارەکەیدا دەسوڕێتەوە.

دواتر لە گرتە ڤیدیۆییە رەش و سپییەکانی شەوانە دەرکەوتووە، کە مشکێکی بچووک لە پشت ئەو رێکخستنەوەدا بووە، چونکە یارمەتیدەر بووە بۆ گواستنەوەی ئەو شتانەی لەسەر مێزی کارکردنەکە بووە بۆ ناو سندوقێک.

سەرەتا هۆڵبروک تێبینی ئەوەی کرد کە هەندێک لەو خواردنانەی کە بۆ باڵندەکانی لەناو هەندێک پێڵاوی کۆندا دادەنا نامینێت و کۆتایی دێت.

هۆڵبروک کە لە شاری بویلس لە وێڵزی بەریتانیا دەژی، کە شارۆچکەیەکی بچووکە و نزیکەی 60 میل لە باکووری کاردیفی پایتەختەوە دوورە، دەڵێت: "کامێرایەکم داناوە بۆ ئەوەی بزانم لە ماڵەوە چی روودەدات، جێگای سەرسوڕمان بوو کە لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێراکەدا دەرکەوتووە کە مشکێک شتگەلێکی وەک دەرنافیس، جلگر (فاقی جل) یان پارچە کێبڵەکانی لە دەمیدا هەڵگرتووە و لەناو سندوقەکاندا دایناون".

هۆلبروک گوتیشی: "باوەڕم نەکرد کاتێک بینیم مشکەکە شتەکان رێکدەخات و دەیانگوازێتەوە بۆ ناو سندوقەکە، وەک پارچە پلاستیک  و بزمار، ئێستا گرنگی بە ڕێکخستنەکە نادەم، چونکە دەزانم مشکەکە رێکی دەخاتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پیاوە باسی لەوەکرد: "بەڕاستی بینینی گرتە ڤیدیۆییەکان سەرسوڕهێنەر بوو، هەندێک لەو شتانەی کە رێکخرابوون بەڕاستی نائاسایی بوون." دەشڵێت: "ئەمە بە کردەوە هەموو شەوێک بۆ ماوەی دوو مانگ روویدا".

ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمە یەکەمجار نییە کە هۆڵبروک رووبەڕووی مشکێکی ئاوەها دەبێتەوە، بە "بی بی سی" گوتووە کە لە ساڵی 2019 کامێرای بینینی شەوانە بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی داناوە و دەرکەوتووە کە مشکێکی دیکە ماڵی هاوڕێکەی رێکدەخات.