توێژینەوەیەک: بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەکاتی کارکردندا نابێتە هۆی سەرقاڵبوونی کارمەندان

K24 - هەولێر

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە رێگەدان بە کارمەندان بۆ بەکارهێنانی مۆبایلی تایبەت لە شوێنی کاردا زیان بە بەرهەمهێنان ناگەیەنێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی "​​تێلێگراف"ـی بەریتانی، توێژەرانی زانکۆکانی گالوای لە ئێرلەندا و زانکۆی مێلبۆرن لە ئوسترالیا چاویان لە کرێکارانی کۆمپانیایەکی جیهانی دەرمانسازی ئەوروپی کردووە، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەکارهێنانی مۆبایلیان لێ قەدەغەکرابوو تەنها بۆ مەبەستی کار نەبێت، ئەمەش بە هۆکاری تەندروستی و سەلامەتی، لە ترسی ئەوەی کارمەندان سەرقاڵ ببن لەکاتی کارکردندا لە ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان.

بەڵام کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا ئەم سیاسەتەی سووک کرد، وەک کارمەندەکان گوتیان: لە ساڵانی رابردوودا، کە سنووردارکردنەکان وای لێکردن هەست بە گۆشەگیری بکەن لە جیهانی دەرەوە، ئەوان باسیان لەوەکرد ئەمە زیان بە بەرهەمهێنانیان دەگەیەنێت. لە کێبڕکێ کردنی کۆمپانیاکان.

توێژەران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە 40 کارمەند لەکاتی کارکردندا مۆبایلە زیرەکەکانی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە، هەروەها بەراوردیان کردووە لەگەڵ 40 کارمەند کە بەهیچ شێوەیەک مۆبایلیان بەکار نەهێناوە.

تیمی لێکۆڵینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کارمەندانەی مۆبایلەکانیان لەکاتی کارکردندا بەکارهێناوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و ئەدای کارەکانیان نەبووە، بەڵکو توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشە خێزانی و کەسییەکان زیاد دەکات، ئەمەش هەستی فشار و گرژی دەروونییان کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەکاتی کارکردندا نابێتە هۆی سەرقاڵبوونی کارمەندان و تەرکیز لەدەست دانییان.

پرۆفیسۆر ئیوین ویلان کە سەرکردایەتی توێژینەوەکە دەکات دەڵێت: "پێویستە بەڕێوەبەران ئاگاداری دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی سەپاندنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان لە شوێنی کاردا بن".

گوتیشی: رێگریکردن لە کارمەندان لە بەکارهێنانی مۆبایل دەتوانێت ناکۆکی نێوان کار و ژیانی کۆمەڵایەتی زیاد بکات، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەدای کار و رەزامەندی لە کار و خۆشگوزەرانی گشتی هەیە.

توێژینەوەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارمەندان بە تێکڕا 56 خولەک لە رۆژدا بە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانیان بۆ کارە ناپەیوەندیدارەکان بە کارەوە بەسەر دەبەن، هەروەها بە تێکڕا رۆژانە 150 جار ئامێرەکانیان دەپشکنن.

ئەوەشیان دەرخستووە کە نزیکەی 25 خولەکی دەوێت بۆ ئەوەی دووبارە سەرنجت لەسەر ئەرکێک بێت دوای دانانی مۆبایلەکە.