زیاتر لە 32 هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

K24 - هەولێر

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 32 هەزار کۆمپانیا تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار 362 کۆمپانیای بیانین.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بووەتە سیستەمی ئەلیکترۆنی و تێچووی دامەزراندنی کۆمپانیاش بە رێژەی لەسەدا 80 کەمکراوەتەوە ئەمەش وایکردووە رێژەیەکی زیاتر کۆمپانیای بیانی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

شاهین کەمال، بەڕێوبەری کارگێری یەکێک لە کارگە تورکییەکانە لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "کارگەکەمان چەندین جۆر پێداویستی بیناسازی بەرهەمە دەهێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی زۆری بۆ کردوین، بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لێرە بتوانێت بەرهەمەکانی دروست بکات".

بڵند محەممەد، بەڕێوبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان لە بواری جیاجیادا کاردەکەن، وەک کشتوکاڵی، نەوت، وەبەرهێنان و رێگاوبان، سەرمایەکانیان لە 500 تا ملیۆن دۆلار بەسەرەوەیە، کە سوودی زۆری هەیە بۆ رەخساندنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان".

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 10 هەزار و 510 کۆمپانیا تۆمار کراون. بە گشتی 32 هەزار 166 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن، کە 28 هەزار و 804 کۆمپانیا ناوخۆیی و سێ هەزار 362 کۆمپانیاش بیانین.

Fly Erbil Advertisment