کەناڵی ABC: رێژەی ئەو سەربازە ئۆکرانیانەی بەسەختی بریندار دەبن لە سەدا 30 بەرزبووەتەوە
K24 - هەولێر
کەناڵی "ABC" بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەی سەربازانی ئۆکرانیا کە بە سەختی برینداربوون بە رێژەی 30% زیادی کردووە.
کەناڵی "ABC" لە زاری سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی دنێپرۆپیترۆڤسک، "سێرگی ریجینکۆ" بڵاویکردەوە، رۆژانە لە نێوان 40 بۆ 100 برینداری سەخت وەردەگرن، گوتیشی: پزیشکەکانیش رۆژانە لەنێوان 50 بۆ 100 نەشتەرگەری ئەنجام دەدەن و زۆربەی نەشتەرگەرییەکان بریتین لە بڕینی بەشەکانی جەستە.
کەناڵەکە بە پشت بەستن بە پزیشکان ئاماژەی بەوە کردووە، کە مانگانە نزیکەی 30 هەزار سەربازی ئۆکرانیا دەکوژرێن یان بە سەختی بریندار دەبن.
دوێنێ سێشەممە "سێرگی شویگو" وەزیری بەرگری رووسیا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا بە شێوەیەکی سیستماتیکی تواناکانی شەڕی ئۆکرانیایان کەمکردووەتەوە و لە ساڵی 2023دا زیانەکانی ئۆکرانیا 215 هەزار کوژراو و 28 هەزار چەکیان تێپەڕاندووە.
جەختیکردەوە، کیێڤ بە رێنمایی رۆژئاوا بەردەوامە لە پاڵنانی سەربازەکانی تاوەکو دەمرن، لە کاتێکدا ئەمە هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت، تەنها ململانێکان درێژ دەکاتەوە.
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتە داگیر کرد و تاوەکو ئێستا شەڕو پێکدادان بەردەوامە و بەدەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و بەملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.