پۆلیسی پردێ پێنج هاووڵاتی کورد دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر

پۆلیسی پردێ پێنج هاووڵاتی کورد و هاووڵاتییەکی تورکمانی لەگەڕەکی ئیسڵاحییەی شارەدێی پردێ بەبیانووی ئەوەی لەنێو خانووی حکومیدان دەستگیر دەکات.

یەکێک لەوهاووڵاتیانەی کەدەستگیرکراوە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە لە نێو زیندانەوە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای بانگهێشتکردنمان لەلایەن پۆلیسی پردێوە و دواتر ناردنی پەڕاوەکانمان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوە، بڕیاری راگرتنمان بۆ دەرچوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە گوتیشی: ژمارەمان شەش کەسە پێنج کورد و تورکمانێک، بیانوویان ئەوەیە ئەو خانوانەی لەنێویدا نیشتەجێین سەر بە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقە و گوایە سەرپێچی یاسامان کردووە، لەکاتێکدا ئێمە ئەو خانوانەمان کڕیوە.

بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە، دەستگیرکردنەکەیان لەناکاو بووەو هیچ ئاگەدارییەکی پێشوەختەیان بۆ نەهاتووە، داواشیکرد، بەرپرسانی کورد بەهانایانەوە بێن و کێشەکەیان چارەسەربکات چونکە غەدریان لێکراوە.

Fly Erbil Advertisment