شاندێکی حکومەتی عێراق دەچێتە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک

K24 – کەرکووک

شاندێکی حکومەتی عێراق، بۆ بەدواداچوون لەبارەی کێشەی دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز سەردانی شاری کەرکووک دەکات و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەناو شاندەکەدایە.

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ بەدواداچوون لە کێشەی دانیشوانی گەڕەکی نەورۆز سەردانی کەرکووک بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ نۆیەمین رۆژە دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک دژی بڕیارێکی ئیدارەی شارەکە مانگرتنیان راگەیاندووە و خێمەیان لە گەڕەکەکە هەڵداوە، تائێستا کێشەکەیان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکراوە، هەندێک هەوڵی یاسایی هەیە کە دەیانەوێت لە رێگەی دادگاوە ئەم کێشەیە یەکلا بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە.

مامۆستا هێمن، نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی گوت: "داگیرکردنی بەشێک لە خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز پێی نایە رۆژی نۆیەمەوە، سوپای عێراق لە بەشێکی گەڕەکی نەورۆز جێگیر کراوە، لە لایەنی یاساییەوە سکاڵا پێشکەشکراوە، چونکە بەبێ بوونی هیچ نووسراوێکی دادگا ئەم کارەیان کردووە، کە ئەمە جۆرێکە لە پێشێلکاری و داگیرکردن، پێشێلی مافەکانی مرۆڤ کراوە".

گوتیشی: "لای خۆمانەوە نووسینگەی رێکخراوی "یۆنامی"مان ئاگادارکردووەتەوە لەو پێشێلکارییانە، لە لایەنە سیاسییەکەشییەوە تەواوی نوێنەران و دەسەڵاتدارانی کورد ئاگادارمان کردوونەتەوە، کە لە بەغداوە لەسەر خەتن، لە هەوڵی ئەوەدان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەفسەرانی سەربازی لێرە فەرمانی سەرووی خۆیان خۆیانەوە جێبەجێ ناکەن".

راشیگەیاند، "داواکاری خەڵکی گەڕەکی نەورۆزیش  ئەوەیە کۆتایی بەو عەسکەرتارییەتە بهێنرێت".