زانیاریی لەبارەی ئەو دەنگە بەهێزەی لە هەولێر بیسترا

دیمەنێکی هەولێر
دیمەنێکی هەولێر

K24 - هەولێر

ئەو دەنگە بەهێزەی سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ، لە سنووری هەولێر بیسترا، "مەشقی هاوپەیامانان بووە و هیچ هێرشێک نەکراوە".

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو دەنگە بەهێزەی سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-01-2024، لە سنووری بەحرکە و ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی هەولێر بیسترا "تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانان بووە و هیچ هێرشێک لەلایەن هیچ لایەنێکەوە نەکراوە".  

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 10-01-2024، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 09:00، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە "لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە" ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

لە دوای 17ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، گرووپە چەکدارەکان شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە؛ بەرپرسیارییەتی خۆیان لە زیاتر لە 150 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. ئەمەریکاش چەند جارێک بارەگاکانی ئەو گرووپانەی لەنێو عێراق و سووریادا کردووەتە ئامانج.

لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، بەرەی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، بەرپرسیارییەتی خۆیان لە 16 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.