قەتەر پێشنیازێکی نوێی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی غەززە خستووەتەروو
بلینکین" ئیدارەکەی پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات"

K24 - هەولێر
ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیلپیشنیازێکی نوێی قەتەری ئاشکراکرد بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ گۆڕینەوەی دیل و بارمتەکان، لەوبارەوە ئوسامە حەمدان سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هیچ دەستپێشخەرییەک قبوڵ ناکەن تاوەکو بەتەواوی شەڕ لەکەرتی غەززە نەوەستێت.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی رایگەیاند، ئەو پیشنیازە نوێیە ژمارەیەک بڕگە دەگرێتەوە، کە گرنگترینیان دەرچوونی سەرکردەکانی حەماسە لەکەرتی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لەو کەرتە، هەروەها ئازادکردنی بارمتەکانیش یەکێکە لە بڕگەی دانوسانەکە.
دەیڤید بارنێ، سەرۆکی هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" ئاماژەی بەوەکرد، راپۆرتێک پێشکەشی ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل دەکات، سەبارەت بەدوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناراستەوخۆکان لەگەڵ حەماس.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباسی راگەیاندووە، ئیدارەکەی پشتیوانی لە رێوشوێنی ورد دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و پێی وایە پێویستە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر دەستپێبکات کە لە کۆتاییدا مسۆگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی بکات لەگەڵ ئیسرائیلدا.
سەرچاوەیەکی فەڵەستینی بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاند، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی چاکسازی لە حکومەت و پێکهاتە ئەمنییەکان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە قۆناغی داهاتوودا فەرمانڕەوایی بکات جا لە کەناری رۆژئاوا بێت یان کەرتی غەززە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی فەڵەستینیەوە رووبەڕووی چەندین پرسیاری قورس بووەوە سەبارەت بە شەڕی غەززە و رۆڵی واشنتن لە راگرتنی شەڕ و پلانی دوای جەنگ، ئەوانیش جەنگی کراوەی کەناری رۆژئاوا، توندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتیان، پلانی ئیسرائیل بۆ کۆچی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان و چارەنوسی ئەو پارانەی کە تەلئەڤیڤ دەستی بەسەردا گرتووە.
هەر سەبارەت بەوبابەتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە لاهایە، گفتوگۆ لەسەر ئەوداوایەی باشووری ئەفریقیا دەکات کە لە دژی ئیسرائیل بەرزیکردووەتەوە و تۆمەتباری کردووە بە کۆمەڵکوژی.
ئاگربەستی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە رۆژی 24-11-2023ـەوە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لەو ماوەیەدا حەماس زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، هەروەها ئیسرائیلیش 180 دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد کردووە.