ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لێپێچینەوە لە وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی دەکات
K24 - هەولێر
لەگەڵ گەرمبوونی وەرزی هەڵبژاردنەکان، کۆمارییەکان فشارەکانیان بۆ سەر کۆشکی سپی و تیمەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا زیاد کردووە، بەمەش پشت بە زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبەستن بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر شکستەکانی ئیدارەکە، وەک خۆیان دەڵێن.
پارتی کۆمارییەکان بە فەرمی رێکارەکانی دوورخستنەوەی ئەلیخاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی کردەوە و لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنێکی بە ناونیشانی، "ئاژاوە لە قووڵایی وڵاتدا، چۆن سەرکردایەتی شکستخواردووی مایۆرکاس کاریگەری لەسەر ویلایەتەکان هەبوو". ئەم هەنگاوەش هەنگاوێکی فەرمییە کە ئامانج لێی دەستپێکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە لەسەر پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە مایۆرکاس و دەنگدان بۆ دوورخستنەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ماوەی 150 ساڵە رووداوێکی وا لە ئیدارەی ئەمەریکا رووینەداوە.
کۆمارییەکان مایۆرکاس بە پێشێلکردنی یاساکانی فیدراڵی و جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی بۆ پاراستنی سنوورەکان تۆمەتبار دەکەن، ئەوان وا دەزانن کە ئیدارەی بایدن کۆنترۆڵی سنووری ئەمەریکا و مەکسیکی لەدەست داوە.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی، نوێنەری کۆمارییەکان مارک گرین بە فۆکس نیوزی ئەمەریکی راگەیاند، "دەسەڵاتی یاسادانان یاساکان دەردەکات، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش جێبەجێی دەکات"، واتە، ناتوانێت ئەم یاسایانە هەڵبژێرێت.
گرین گوتیشی: "روونە کە وەزیر مایۆرکاس بە زۆر سیاسەتی کۆچبەری خۆی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندووە، ئەمەش بە سەرپێچیکردن لەو یاسایانەی کە کۆنگرێس سەپاندوویەتی دادەنرێن".
قەیرانی سنوور و تۆمەتبارکردن
دەنگدانی کۆتایی لە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە لێپێچینەوە لە مایۆرکاس، دیموکراتەکان دەخاتە دۆخێکی نائاسایی، بەتایبەتی لە وەرزێکی گەرم و گوڕی هەڵبژاردندا کە ناڕازیبوونی دەنگدەرانی ئەمەریکی لە قەیرانی سنوورەکان لە زیادبووندایە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی و لێشاوی ماددە هۆشبەرەکانی فێنتانیڵ کە ژیانی هەزاران ئەمەریکی لەناوبردووە.
بەڵام ئیدارەی بایدن تۆمەتەکانی کۆمارییەکان رەتدەکاتەوە و پێی وایە دەرکردنی مایۆرکاس تەنها مانۆڕێکی سیاسییە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی چارەسەرێکی راستەقینە بۆ قەیرانی سنوورەکان، کە هەردوو حزبەکە بەدوای ئەوەن لە کۆنگرێسدا یەکلایی بکەنەوە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، هێشتا پەرلەمانتاران نەیانتوانیوە ئەو 14 ملیار دۆلارە پەسەند بکەن، کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان داوا کراوە، ئەمەش بەهۆی ئەو مشتومڕانەی لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکە دروستبووە، کە لە بەرامبەردا بووەتە بەربەستیش بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل.
هەرچەندە پێدەچێت ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی کۆمارییەکانیەوە بتوانێت لێپێچینەوە لە مایۆرکاس پەسەند بکات، بەڵام ئەم هەوڵانە لە ئەنجومەنی پیران رووبەڕووی بنبەست دەبێتەوە، بە زۆرینەی دیموکراتەکان، بەڵام ئەو دۆسیەیە ماددەیەک بۆ کۆمارییەکان پێکدەهێنێت لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیاندا، کە تێیدا بەڵێن دەدەن بایدن و هانتەری کوڕەکەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.