پارتی تەقەدووم کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلاییکردەوە

شەعلان عەبدولجەبار کەریم
شەعلان عەبدولجەبار کەریم

K24 – هەولێر:

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلاییکردەوە.

ئەمڕۆ (11ـی کانوونی دووەمی 2024) یەحیا غازی، سەرکردە لە پارتی تەقەدووم، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتەکەیان شەعلان عەبدولجەبار کەریم، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستنیشانکرا.

شەعلان عەبدولجەبار کەریم، لە دایکبووی ساڵی 1967ـە لە ناحییەی دیجلەی قەزای سامەڕا لە پارێزگاقی سەڵاحەددین، هەروەها یەکێکە لە شێخەکانی عەشیرەتی ئەلبووعیسا، لە ساڵی 2010ـەوە وەکو پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە لە لیستە سوونییەکان، ئێستاش سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانی سیادەیە لە پەرلەمانی عێراق.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

دوای بڕیارەکەی دادگاش، هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە ناوەڕۆکی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی دواتریش، محەممەد حەلبووسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".

حەلبووسی راشیگەیاند: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لەسەر پەرلەمانتار دەربکەن، هەروەها تەنیا بەپێی ماددەی 52ـی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".