لە تایوان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئیدارەی دوورگە و ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان لە تایوان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی، 2024، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند کاتژمێر 8:00 بەکاتی ناوخۆی تایوان، دەرگای بنکەکانی دەنگدان کراوەتەوە و ئەمساڵ لە کۆی 23 ملیۆن و 400 هەزار کەسی تایوان، 19 ملیۆن و 500 هەزار کەس، واتە هەموو کەسێک کە تەمەنی لە سەرووی 20 ساڵەوەیە، دەتوانێت بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکات.
گوتیشی: "هەر دەنگدەرێک سێ فۆڕمی دەنگدان وەردەگرێت، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئیدارە و جێگرەکەی، دەنگدان بە کاندیدەکان بۆ پۆستی نوێنەری پەرلەمان، دەنگدان لەسەر لیستە حزبییەکان، وابڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامەکان رابگەیەندرێت، براوە بە زۆرینەی دەنگەکان دیاری دەکرێت،و لەم هەڵبژاردنانەدا خولی دووەم نییە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تایوان راشیگەیاند، دەنگدان هەشت کاتژمێر دەخایەنێت، وێستگەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 16:00 بە کاتی تایوان دادەخرێن. ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی یاساکانی ئێستا، ئەنجامدانی راپرسی 10 رۆژ پێش هەڵبژاردن قەدەغەیە، هەروەها ئەنجامدانی راپرسی دوای دەرچوون لە ناوەندەکانی دەنگدان قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، سێ کاندید کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی ئیدارەکە دەکەن، لای چینگ تی تەمەن 64 ساڵ لە پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی دەسەڵاتدار، هو یو تەمەن 66 ساڵ لە پارتی کوومینتانگی ئۆپۆزسیۆن و کی وین تەمەن 64 ساڵ لە پارتی گەلی تایوان ناوەندی.
ئا: لاڤین عومەر