لە هەرێمی کوردستان 21 بەنداو و 118 پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو هەن
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، شەش بەنداو تەواو کراون و ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: نزیکەی هەشت پۆندی دیکە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تەواو بوونە.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، شەش بەنداو تەواو کراون، بەنداوی گۆمەسپان بەشێک لە ئاوی بارانی گلداوەتەوە، هەرچەندە لە 40%ـی ماوە تەواو بکرێت، بەڵام ئەمساڵ دەست کراوە بە گلدانەوەی ئاو تێیدا".
گوتیشی: "دوو بەنداوی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان، بۆ دروستکردنی بەنداوی مەنداوەش بۆ لێکۆڵینەوە و دیزاینکردنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەرەنسی گفتوگۆکراوە، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارین".
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "بە کۆی گشتی 18 بەنداو لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەو دوو بەنداوەی کە تازەن و ئاو گل دەدەنەوە ژمارەی بەنداوەکان بووە بە 20 بەنداو، جگە لە بەنداوە گەورەکانی وەک دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، بە گۆمەسپانیشەوە ئێستا ئاو گلدەداتەوە بووە بە 21 بەنداو".
لای خۆشییەوە د.کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "لە هەرێمی کوردستان 118 پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو تەواو کراون، نزیکەی هەشت پۆندی دیکە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تەواو بووە، 43 دانە پۆندی دیکە لەژێر جێبەجێکردندان".
دەربارەی کاریگەریی ئەو پۆندانە لە داهاتوودا، د. کاروان، دەڵێت: "کاریگەرییەکانی زۆر گرنگن، پێش هەموو شتێک تێچوویان زۆر کەمترە لە بەنداو و خێراتر دروست دەکرێت، سوودێکی گەورەشی هەیە بۆ مەترسییەکانی لافاو و پاراوکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، بۆ ئاودێری و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاژەڵداری، بۆ هەموو بوارەکان پۆندەکان کاریگەرییان هەیە".
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "لە دوای دروستکردنی ئەو پۆندانە ژمارەی دانیشتوانی گوندەکان زیادیکردووە، ژمارەی ئاژەڵەکان، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیش زیادیکردووە، کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنییە، بۆ گەشتوگوزار و دروستکردنی ئاوەدانی، بۆ ژینگە و هەمەجۆری ژینگەیی، سوودی هەیە، واتە سوودی ژینگە، ئابووری، دەتوانرێت سوودیشی هەبێت، بۆ سامانی ماسی و ماسی تێیدا بەخێو بکرێت، سوودی درێژخایەنی بۆ سامانی ئاو هەیە، لەلایەکی دیکە رێگە لە دروست بوونی لافاو دەگرێت و لەلایەکی دیکەش ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنێتەوە".
ئا: لاڤین عومەر