نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان جه‌ختیان له رۆڵی ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له عێراق كرده‌وه
K24 - هەولێر:
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دیداری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سیاسی و ئیداری و دادوه‌ری عێراق ئه‌نجامدا.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2024/1/13 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدايان تاووتوێكرد.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ده‌بێ لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق، به هاريكارى و تهبايى، ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كانى ئه‌م قۆناغه و دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر ببنه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ عێراق له ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه نه‌گلێت و هه‌مووان به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بپارێزن.
ده‌رباره‌ى به‌رده‌واميى گفتوگۆكانی هه‌ردوو حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، مالیكی و بارزانی جه‌ختيان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به لێكگه‌يشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه به شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزراو بن.
هێرشه درۆنييهكانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ، هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له غه‌ززه به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.

هه‌روه‌ها نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ قه‌يس خه‌زعه‌لى، سه‌رۆكى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق، ده‌رباره‌ى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق بيروڕايان گۆڕييهوه.
نێچیرڤان بارزانی و قه‌یس خه‌زعه‌لی جه‌ختيان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى وڵات و دوورگرتنى عێراق له ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه كرده‌وه، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پشتگيرييان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان به گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، ده‌ربڕى.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له به‌غدا له‌گه‌ڵ فايه‌ق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق، هاريكاريى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێويستيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى وڵاتيان تاووتوێ كرد.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له ڕۆڵ و پێگه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و يارمه‌تيدانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌يان به هێرشكردنه سه‌ر نێرده ديپلۆماتييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه كرد.
له‌مباره‌يه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق، هاوڕا بوون كه ده‌بێ ئارامى و ئاسايشى وڵات پارێزراو بێت و عێراق نه‌خزێته نێو كێشه و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه، هه‌روه‌ها به ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه‌يان به زيان بۆ ئارامى و سه‌قامگيریی وڵات له قه‌ڵه‌م دا.

هه‌روه‌ها نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى پارتى ته‌قه‌دوم كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان كرد و تيشكيان خسته سه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى.
بارزانی و حه‌لبووسی هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هاريكاريى لايه‌نه سياسييه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كانى ئێستا و پاراستنى سهقامگيريى سياسيى وڵات و دوورگرتنى له لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه.
ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق و ناوچه‌كانى ماده‌ى 140ى ده‌ستوور، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.

هه‌روه‌ها نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران. هه‌ردوولا جه‌ختيان له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و سهروهريى وڵات و دوورگرتنى عێراق له كێشه و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه كرده‌وه.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆيه‌كى جددى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى بودجه و مووچه و ههناردهكردنهوهى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و بابه‌ته‌كانى ديكه‌ى كارگێڕى و دارايى و ئابوورى كرا.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ئه‌و پرسانه به‌پێى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و نابێ هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان زيانمه‌ند بن. هه‌روه‌ها سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ چاره‌يه‌كى يه‌كجارى بۆ كێشه‌ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت و تێكه‌ڵ به پرسه‌كانى ديكه نه‌كرێت.
