سبەی شاندێكی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

K24 - هەولێر
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی شاندێکی کۆمیسیۆن بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەردانی هەولێر دەکەن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی دووشەممە،15-1-2024، شاندێک بە سەرۆکایەتی عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمیسیۆن و سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و ئەنجومەنی دادوەریی، بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی هەولێر دەکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە.
رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە هەمان رۆژدا، نووسینگەی سەرۆکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی دەرکردووە کە ئاماژەی بەوە دەکات، خشتەیەکی نوێ بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.