لەپێناو باڵەخانەکاندا بەغدا سەوزاییەکەی لەدەست دەدات

بەغدا هەڕەشەی بیابان بوونی لێ دەکرێت

فراوانبوونی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بیناسازی لە بەغدا، رووبەری سەوزایی پایتەختی رووبەڕووی پاشەکشەیەکی مەترسیدار کردووەتەوە و دارە دێرینەکانی خستووەتە ژێر هەڕەشەی بڕینەوە، ئەمەش گومان و نیگەرانیی لای داکۆکیکارانی ژینگە دروست کردووە.

نوێترین نموونەی ئەم قەیرانە لە شەقامی سەعدوون لە ناوەڕاستی پایتەخت تۆمار کرا، دوای ئەوەی ژمارەیەک داری تەمەن سەروو 30 ساڵ لە نزیک هۆتێل فەڵەستین بڕدرانەوە، تەنیا بە ئامانجی دەرکەوتنی رووکاری نوێکراوەی باڵەخانەکە. هاووڵاتییان و کاسبکارانی ناوچەکەش رەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرن کە دارە سەوز و دێرینەکان لەناودەبرێن، لە کاتێکدا چاودێرییەکی جیددی بۆ پاراستنی سیمای پایتەخت بوونی نییە.

روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دەدات لەوەی بڕینەوەی دارەکان و بەکارهێنانیان بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان و چێشتخانە، یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە ژینگەییەکان. بەگوێری هۆشدارییەکانی ئەو روانگەیە، کێشەی سەرەکی لە لاوازیی جێبەجێکردنی یاساکان و نەبوونی چاودێریی مەیدانیدایە، ئەمەش توانای شارەکە بۆ مژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لاواز دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و پیسبوونی هەوا.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جەخت دەکاتەوە، یاساکان رێگری لە تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییە بەرهەمهێنەکان دەکەن و تەنیا بە بڕیاری لیژنەیەکی ناوەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران مۆڵەت دەدرێت. هاوکات ئەمانەی بەغداش رایگەیاندووە؛ لە ساڵی 2022ـەوە گۆڕینی رووبەری سەوزایی بۆ هەر بەکارهێنانێکی دیکە قەدەخە کراوە و لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیاندا، تەنیا لەم پایزەدا 190هەزار نەمام دەچێنن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی سەوزایی لە شارەکەدا.