سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆككۆماری عێراق جه‌خت له پێويستيى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كه‌نه‌وە
K24 - هەولێر:
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 14ـی كانوونی دووه‌می 2024)، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی عێراقی ئه‌نجامدا و تێیدا جه‌خت له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرایه‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌تا نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دكتۆر له‌تیف ره‌شيد سه‌رۆككۆمارى عێراق، دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆكانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانیان، تاووتوێ كرد.
سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆككۆماری عێراق جه‌ختيان له پێويستيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و ناردنى شايسته داراييه‌كان و بودجه و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقى فيدراڵى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كرده‌وه، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه نابێ ژيان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان تێكه‌ڵ به كێشه سياسييه‌كان بكرێت.
ده‌رباره‌ى ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه و ئه‌گه‌ر و لێكهوتهكانيشى، هه‌ردوولا دووپاتيانكردهوه، ده‌بێت عێراق نه‌خزێته ناو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه.

هه‌ر ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا بيروڕيان گۆڕييهوه و تيشكيان خسته سه‌ر دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه.

هه‌روه‌ها نێچيرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ موحسن مه‌نده‌لاوى، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كۆبووه‌وه و تێیدا دۆخى سياسى و ئه‌منى و ڕۆڵى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات‌دا، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى نوێى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقيان تاووتوێ كرد.

جیا له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كيم سه‌رۆكى ره‌وتى نيشتمانيى حيكمه، ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوانيان بۆ لێكگه‌يشتن و چاره‌سه‌رى، بيروڕايان گۆڕييهوه.
حه‌كیم و بارزانی هاوڕا بوون كه ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و ماف و شايسته‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق پارێزراو بن، هه‌روه‌ها هاووڵاتييان به قووت و گوزه‌رانى خۆيان، باجى كێشه سياسييه‌كان نه‌ده‌ن.

دواجار نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ هادى عامرى، سه‌رۆكى ڕێكخراوى به‌در، دۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كرد و داكۆكييان له پێويستيى پاراستنى سهقامگيريى عێراق و نه‌بوونى به به‌شێك له كێشه و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه كرده‌وه.

هه‌روه‌ها نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له به‌غدا سه‌ردانى د. عادل عه‌بدولمه‌هدى سياسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكوه‌زيرانى پێشووترى عێراقى فيدراڵ كرد.
له ديدارێكدا دۆخى سياسى و گشتيى عێراق و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و لێكه‌وته‌كانى، بيروڕايان گۆڕييهوه و باسيان له هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌ت فيدراليى عێراق له‌مباره‌وه كرد.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ هومام حه‌مموودى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئيسلاميى عێراق كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له دۆخى عێراق به‌گشتى كرد و داكۆكييان له پاراستنى سهقامگيريى وڵات و به‌دوورگرتنى له لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه كرده‌وه، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان.