لە شەڕی غەززە رۆژانە هەزار کەس دەبنە قوربانی

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نزیکەی 100 هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی پزیشکی لەکەرتی غەززە ئاشکرای کرد، ژمارەی قوربانیانی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسرائیل لەکەرتەکە 83 هەزار کەسی تێپەڕ کردووە، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتەکان نزیکەی هەشت هەزار کەسیش بیسەروشوێنن بوونە و لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.

بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی 100 رۆژی شەڕدا، نزیکەی 100 هەزار قوربانی بە کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنەکان هەیە، واتە رۆژانە هەزار قوربانی هەبووە.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای 100 رۆژ لە بۆردومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 23 هەزار و 708 کەس کوژراون و 60 هەزار و پێنج کەسیش بریندار بوون.