موراد عەلی نوێترین کتێبی شیعری خۆی بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر
شاعیر موراد عەلی نوێترین کتێبی شیعری خۆی بەناوی "دواجار سێبەری تۆ ماڵی منە" چاپ و بڵاوکردەوە.
موراد عەلی شاعیر دەربارەی کتێبە شیعرییەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند: کتێبێکی قەبارە بچووکە 76 لاپەڕەیە و پێکهاتووە لە 22 دەق کە بەشێکیان پۆستەرە شیعرن و بەشێکیشیان قەسیدەن، ئەزموونی سێ ساڵ نووسینی منن کە بەر لە بڵاوبوونەوەی دووەم کتێبیشم بەناوی "ئەدرێس" خەریکی نووسینیان بوومە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کتێبەکەم لە وڵاتی ئێران چاپکرا و رەوانەی هەولێر کرایەوە و منیش بڵاومکردەوە، ئەوەی جێگای خۆشحاڵیمە لەو کتێبەم زۆر وورد کارم لێکردووە و بەشێکی باشی کاتەکانی ئەو سێ ساڵەم پێداون و تەواو لەگەڵ هەر رستەیەکیان ژیاوم.
شاعیر موراد عەلی، خەڵکی شاری هەولێرە و لە تەمەنی 17 ساڵییەوە دەنووسێت و خاوەنی دوو کتێبی شیعرییە، نوێترین کتێبیشی لە ئێستادا بڵاوبۆتەوە بەناوی "دواجار سێبەری تۆ ماڵی منە".