ئێران: سووریا لە رووی ئارامی و كۆمەڵایەتی ھیچ كات ھێندەی ئێستا باش نەبووە
"تهنیا سوورییهكان بڕیار له چارهنووسی خۆیان دهدهن"
K24 - ههولێر:
عەلائەدین بروجێردی سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، دوای سەردانی بۆ سووریا، بە كەناڵی ئەلعالەمی گوت: "دۆخی سووریا لە رووی ئارامی و كۆمەڵایەتی ھیچ كات ھێندەی ئێستا باش نەبووە و ئەگەر وڵاتانی دراوسێ دەست لە ناردنی چەك بۆ گرووپە چەكدارەكان ھەڵگرن، قەیرانی ئەو وڵاتە زووتریش چارەسەر دەبێت".
ھاوكات نەتەوە یەكگرتووەكانیشی تۆمەتبار كرد بەوەی ھەوڵ نادات بۆ دەركردنی بڕیارنامەیەك رێگری لە ناردنی چەك بۆ ئەو وڵاتە بکات و وتی: "نەتەوە یەكگرتووەكان ھیچ رۆڵێكی لە چارەسەری قەیرانی سووریا نییە".
بروجێردی گوتیشی: "تەنیا خەڵكی سووریا دەبێ بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. ھاوكات بەرامبەر بە توركیا وتی، وەك وڵاتێكی دراوسێ كاتی ئەوە ھاتووە تێڕوانینەكانیان لەسەر پرسی سووریا بگۆڕن".