فارس عیسا بۆ شاندی یۆنامی: هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە
K24 - هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە. داواش لە یۆنامی دەکات رۆڵی خۆی لە راگرتنی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگێڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا؛ پێشوازی لە شاندێکی باڵای نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) کرد.
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی دوایین هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر کردووە و سەرکۆنەی هێرشە "بێ پاساو"ـەکەیان کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا دووپاتیانکردەوە، هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکەن؛ پێویستە رابگیرێن و رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی خاکی عێراق بگیرێت.
فارس عیسا بۆ شاندی یۆنامی دووپاتکردەوە، هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە و نەبووەتە مایەی نیگەرانی و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ. جەختیشی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی بنەماکانی دراوسێیەتی باش و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە.
فارس عیسا داواشی کرد، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و، لە سەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستێکی توندیان هەبێت بۆ ڕاگرتنی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدرانی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە"