ئێران کوژرانی حەوت کەسی لە نزیک سنووری پاکستان راگەیاند
K24 - هەولێر
یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18ی کانوونی دووەمی 2024، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک شارۆچکەی سەراوانی سەر سنووری ئێران – پاکستان بیستراوە.
عەلیڕەزا مەرحەمەتی، یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان بە ئاژانسی فەرمی ئێرانی گوتووە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەکان بیستراوە و لەو هێرشانەدا سێ ئافرەت و چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە، کە هاووڵاتیی ئێرانی نین".
مەرحەمەتی ئاشکراشیکردووە، هەر لە نزیک شارۆچکەی سەراوان تەقینەوەیەکی دیکە روویداوە، بەڵام زیانی نەبووە.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دەزگای هەواڵگری پاکستان رایگەیاند، سوپای پاکستان لەناو خاکی ئێران بارەگای چەند گرووپێکی چەکدارییان مووشەکباران کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشە مووشەکیانەی سوپای پاسداران، کە شەوی 16ی ئەم مانگە کردویانەتە سەر خاکی پاکستان لە هەرێمی بەلوچستانی ئەو وڵاتەو بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لە دەستدا.