وەزارەتی دەرەوەی پاکستان: چەند حەشارگەیەکی تیرۆریستان لە ئێران کرایە ئامانج
K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان راگەیەندراوێکی لە بارەی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ناو خاکی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، چەندینجار حکومەتی تارانیان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بەهەندی وەرنەگرتووە، بۆیە چەند حەشارگەیەکی تیرۆریستانیان لە پارێزگای سیستان بەلوچستانی ئێران کردە ئامانج و ژمارەیەک تیرۆریستیان کوشتووە.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، هێرشی موشەکیان کردووەتە سەر مۆڵگە و حەشارگەکانی تیرۆریستانی"سەرمەچار" لە ناوچەی سیستان و بەلوچستانی ئێران، هێرشەکان لە سەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگرییەوە ئەنجامدراون، بەهۆی ئەوەی گرووپی سەرمەچار لە خاکی ئێران بنکە و بارەگایان هەیە و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی پاکستان.
هەروەها رایگەیاندووە، حکومەتی پاکستان چەندینجار تارانی لە هەڕەشەی ئەو گرووپە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جیدی لەو بارەییەوە نەگرتووەتەبەر، بەڵام لە هێرشە مووشەکییەکانی ئۆپراسیۆنی "مردن بۆ سەرمەچار" ژمارەیەک تیرۆریست کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان راشیگەیاندووە، رێز لە سەروەریی و سنوورەکانی ئێران دەگرن و هێرشەکانیش لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و ئاسایشی پاکستان بوون.