نووسینگەی حكوومەتی ھەرێم لە رووسیا دادەخرێت
K24 – ھەولێر
بە گوتەی نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رووسیا، بەھۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەكردنی بودجە نووسینگەی حكوومەت لە مۆسكۆ داخراوە.
ئاسۆ شێخ جەنگی نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە مۆسكۆ رایگەیاندووە، ماوەی دوو رۆژە نووسینگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رووسیا بەھۆی خەرجنەكردنی بودجەوە داخراوە و كەلوپەلی نووسینگەكەشیان لە گەنجینەیەك داناوە".
نوێنەری حكوومەت لە رووسیا رایگەیاندووە نزیكەی ساڵێكە بودجە و خەرجیەكانیان پێنەدراوە، بۆیە ناچاربوونە دایبخەن.
ئاسۆ شێخ جەنگی چەند ساڵێكە لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مۆسكۆ وەك نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە و لەم دوو رۆژەش داخستنی نووسینگەكەی راگەیاند.
پێشتریش نازم دەباغ نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە ئێران رایگەیاندبوو كە بەھۆی خەرج نەكردنی بودجە بە نیازن نووسینگەكەیان لە تاران دابخەن.