ژمارەیەک حزب و رێكخراو لە باكووری كوردستان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن

هێرشی مووشەکی سووپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر
هێرشی مووشەکی سووپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر

K24 - هەولێر

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، حزب و رێکخراوەکانی باکووری کوردستان و ژمارەیەک كەسایەتی و رۆشنبیر لە ئیستەنبووڵ سەركۆنەی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەكەن.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، 512  حزب و رێكخراو لە باكووری كوردستان و توركیا رایانگەیاند، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان - هەولێر سەركۆنە دەكەین و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێست لە دژی ئێران وەربگرێت.

راشیانگەیاند، کە ئێران پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكانی كردووە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەكەدا بنێت، ئەم دەستدرێژییانەی ئێران رابگرێت بۆ سەر ناوچەکە.

کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران، زیاتر لە 10 مووشەكی بالیستیان ئاراستەی هەولێر كرد، بەهۆی ئەو مووشەکانەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا 11 هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوو.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی دوای هێرشەكە رایگەیاند، شەهیدكردنی خەڵكی سڤیل هیچ شانازییەكی تێدانییە، دەتوانن بمانكوژن بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ‌ بستێنن.