لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا مەترسیی بوونی بۆمب لەسەر فڕۆکە هەیە

فڕۆکەیەکی جۆری ئێرباس A320 کە لە دبلنەوە بەرەو رۆما دەچوو، بەهۆی ئاگادارکردنەوەیەک لەبارەی بوونی بۆمب، ئاراستەکەی بەرەو بنکەی ئاسمانیی ئێڤرۆ لە پارێزگای ئۆری فەرەنسا گۆڕدرا.

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا و ماتینیۆن هەواڵەکەیان راگەیاند، دەسەڵاتداران بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن. تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی سەرچاوەی ئاگادارکردنەوەکە، ژمارەی سەرنشینان، تیمی فڕۆکەوانی، یان ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە گیرانەبەر، ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی ماڵپەڕی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکانی "فڵایت رادار"، گەشتەکە سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئیرلەندیی "ئێر لینگۆس" بووە. فڕۆکەکە کاتژمێر 06:25ـی بەیانی دبلنی بەجێهێشتووە و پاشان لە ئاسمانی ئیسۆن لە باشووری پاریس گەڕاوەتەوە، دواتریش پێش ئەوەی بەرەو باکوور بفڕێت و ئاراستەکەی بەرەو بنکەی ئاسمانیی نۆرماندی بگۆڕێت، چەند جارێک بە ئاسماندا سووڕاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیتاڵیا یاوەریی گەشتی ژمارە AY1761ـی هێڵی ئاسمانیی فینلەندییان کرد کە لە هێلسنکییەوە بەرەو رۆما دەچوو، تاوەکو لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆ نیشتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگادارکردنەوەیەک لەبارەی بوونی بۆمب پێگەیشتبوو کە دواتر دەرکەوت بێبنەما بووە.

کاتژمێر 09:27ـی بەیانی، فڕۆکەکە لە رۆما نیشتەوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە پشکنینی بۆ کرا و تەواوی رێوشوێنە ئەمنییە پێویستەکان لە فڕۆکەخانەکەدا گیرانەبەر.

ستینا تۆنانین، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە هێڵی ئاسمانیی فینلەندی، بە دەزگای پەخشی فینلەندی Yle گوتی: "دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەم گەشتە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەم ئاگادارکردنەوەیەکی لەبارەی بوونی بۆمب پێگەیشتووە، کە دواتر دەرکەوت بێبنەما بووە". تۆنانین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: "هیچ شتێکی نائاسایی لەناو فڕۆکەکەدا نەدۆزرایەوە".

هێڵی ئاسمانیی فینلەندی جەختی لەوە کردەوە کە لەم جۆرە حاڵەتانەدا رێوشوێنی روونی هەیە و بە چڕی لەگەڵ دەسەڵاتداران هاوکاری دەکات.

رۆژنامەی "لۆ فیگارۆ" بڵاویکردەوە، سێشەممەی رابردوو نزیکەی 10 گەشتی ئاسمانیی بازرگانی لە ئەوروپا رووبەڕووی ئاگادارکردنەوەی بوونی بۆمب بوونەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی وڵاتانی پەیوەندیدار دوای پشکنین پشتڕاستیان کردەوە، هیچ ئامێرێکی گوماناوی بوونی نەبووە.

لانی کەم چوار گەشتی کۆمپانیای رایان ئێر کەوتوونەتە بەر کاریگەریی ئەم دۆخە، لەنێویاندا گەشتێکی دیکە لەنێوان دبلن و رۆما، لەگەڵ فڕۆکەکانی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێس ئەی ئێس، لۆت و ویز ئێریش.