کونسوڵی یونان: کۆبوونەوەیەکی بەسوودمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد

کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بە "ئەرێنی" وەسف دەکات، هاوکات جەخت لە بەهێزیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان کۆبوونەوە.

نیکۆلۆس ستێرگیولاس، کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی بەسوود و گرنگیان کردووە.

کونسوڵی گشتیی یۆنان باسی لەوە کرد، لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا بە وردی باسیان لە پێشهاتە نوێیەکانی پەیوەست بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

دەربارەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەولێر و ئەتیناش، نیکۆلۆس ستێرگیولاس جەختی کردەوە و گوتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نایابە و لە دۆخێکی زۆر باشداین.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەتینا لە رێگەی کونسوڵخانە گشتییەکەیەوە لە هەولێر، بەردەوامە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی، بازرگانی و کولتوورییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

لە لایەکی دیکەوە، دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2026، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لەو هەنگاوە کرد. سەردانی نێردە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵەکان بۆ پەرلەمان، نیشاندەری گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستانە لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە.