رەوەندی کوردستانی دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن
K24 – هەولێر
سەرۆکی ناوەندی رەوەندی کوردستان لە کەنەدا رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 01:30 دوای نیوەڕۆ خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە کەنەدا دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی2024، ئەحمەد بناڤی، سەرۆکی ناوەندی رەوەندی کوردستان لە کەنەدا، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئێمە وەک ناوەندی رەوەندی کوردستانی هێرشی مووشەکی رژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەولێر بەتووندی شەرمەزار دەکەین، گیانی شەهیدەکانیشمان بە بەهەشتی بەرین شادبێت و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازین.
ئەو گوتیشی: "ئەوە ئەرکی رەوەندی کوردستانییە، لەگەڵ دەستپێکی ئەو رووداوەی کە روویدا، بە تایبەت ئێمە وەک رەوەندی کوردستان لە کەنەدا دەستمان بە کارو چالاکییەکانمان کرد، هەوڵماندا دەنگی خۆمان بگەیەنینە هەموو دامودەزگای حکومەتی کەنەدا لەسەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵ و سەر ئاستی پارێزگا و لەگەڵ چەندان نامە بۆ پەرلەمانتارەکان".
ئەحمەد بناڤی، سەرۆکی ناوەندی رەوەندی کوردستان راشیگەیاند، ئێمە بەبێ راوەستان هەتا ئەمڕۆ بەردەوامین، ئەمڕۆش دوای نیوەڕۆ کاتژمێر01:30 خۆپیشاندانێکی فراوانمان هەیە، وەک ناوەندی رەوەندی کوردستانی لەشاری کالگاری، بە بەشداری حەوت ئەندام پەرلەمانی کەنەدی کە دۆستی دێرینی چەند ساڵەی کوردن، تێکەڵاوی ئێمەی کورد لەگەڵ ئەوان زۆر باشە، لە هەر رووداوێک و پێشهاتێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و رەوەندانی کوردستان، ئەوان لەگەڵمانن و پشتیوانی گەلی کورد دەکەن، پشتیوانی خۆیان بۆ کوردستان دووپات دەکەنەوە.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.