لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق ماڵەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بەسەر دەکەنەوە

هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر هەولێر
هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر هەولێر

K24 - هەولێر

بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بڕیارە سبەی یەکشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سەردانی خانووەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی لە هەولێر بکەن.

مەریوان دزەیی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە و نووسینی راپۆرتێک لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، بڕیارە سبەی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی هەولێر بکەن و بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شوێنە مووشەکبارانکراوە ببینن و وردەکاری رووداوەکە دەکەن بە راپۆرت.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ی ئەم مانگە، ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی گەورە بازرگانی کورد لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بنکەی مۆسادی ئیسرائیل بەچەند مووشەکێکی بالیستی کرایە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکراون، سەرجەمیان جەخت دەکەنەوە ئەو ماڵەی لە هەولێر کراوەتە ئامانج هیچ بارەگایەکی مۆسادی لێ نەبووە و شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیل بووە.