پێشنیاری حەماس بۆ رێککەوتن ئاشکرا بوو

شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس
شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس

K24 - هەولێر

وەزیری ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس داوای راگرتنی تەواوی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و گەرەنتی نێودەوڵەتی و پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی2024، لە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، جەدعۆن ساعر، وەزیری ئیسرائیل و ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، لە هەوڵداین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیکە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان لە نێوان تەلئەڤیڤ و حەماس.

ساعر، ئەو مەرجانەی ئاشکراکرد کە حەماس پێشنیاری کردووە و گوتی: "حەماس داوای راگرتنی تەواوی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و گەرەنتی نێودەوڵەتی و پاراستنی دەسەڵاتەکەی، لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا دەکات".

وەزیری ئیسرائیل گوتیشی: "بێگومان ئێمە رێکناکەوین، چونکە دەبێت ژیان بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. "

پێشتریش، چەند بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل رایانگەیاندبوو، لەیەک کاتدا ئامانجی شەڕەکە بەدی نایەت، ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماس. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئەو شەڕە درێژخایەنە کە ئامانج لێی لەناوبردنی حەماسە، گیانی بارمتەکان بەفیڕۆ دەدات، هەروەها گەڕانەوەی بارمتەکان لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکرێت نەک سەربازی".

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە خواستی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەڕەکەی لە کەرتی غەززە پێویستی بە دابینکردنی کەمترین بڕی هاوکاری هەیە، پێویستی بە رەزامەندی وڵاتانی دیکە لەم رووەوە هەیە.

هەروەها نەتانیاهۆ پێشتردووپاتی لەوە کردبۆوە کە شەڕ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو ئامانجەکانی بەدی دێت و گوتی: "جەنگەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و نەهێشتنی حەماس و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە لە داهاتوودا مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست نەکات".

دانیشتوانی غەززە بەدەست کەمی سەرجەم خزمەتگوزاری و کەرەستەی سەرەتاییەوە دەناڵێنن، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 106 رۆژ لە بۆردومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 23 هەزار و 708 کەس کوژراون و 60 هەزار و پێنج کەسیش بریندار بوون.