شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی ئێران گەیشتە هەولێر

گەیشتنی شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر
گەیشتنی شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر

K24 –

بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، شاندەکانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتن و راستەوخۆ سەردانی خانووەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بکەن.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاندبوو، ئامانجی سەردانی شاندەکانی پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە و نووسینی راپۆرتێکە لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، پێشووتریش شاندی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی برینداران و شوێنی مووشەکبارانەکەی کرد و بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەو خانووەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، نەک بنکەی مۆسادی ئیسرائیل.

کاتژمێر 11:30ی شەوی 15/1/2024 سوپای پاسدارانی بە مووشەکی بالیستی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، گەورە بازرگانی کوردی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتییش برینداربوون، کە زۆربەیان ئەندامانی خێزانەکەی شەهید پێشڕەون.