كوردستان24 چیرۆكی شەهیدی پێنجەمی هێرشەكەی ئێران دەگێڕێتەوە

بەهۆی كاریگەری هێرشەكەی ئێران ئافرەتێك كۆرپەكەی سكی لەدەستدەدات

K24 - هەولێر:

بەھۆی ھێرشە مووشەكییە بالیستییەكانی ئێران بۆ سەر ماڵێكی سڤیل لە ھەولێر، زیانی گیانی و ماددی بەر خێزانێكی دانیشتووی مەلا ئۆمەر كەوتووە و ئافرەتێكی دووگیان بە كۆرپەلەیەكی تەمەن پێنج مانگ لەكاتی ھێرشە مووشەكییەكە بوراوەتەوە و بەربووەتەوە دواتر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ كراوە و پزیشكەكان گیانیان لە مەترسی رزگاركردووە، بەڵام كۆرپەلەكەی گیانی لە دەستداوە.

ئاوات عوزێر دایکی شەھیدی پێنجەمی ھێرشە مووشەكیە بالیستیەكانی ئێران دوای حەوت رۆژ دەگەڕێتەوە ماڵەکەی و به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌كاتی بۆردومانكردنی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و ده‌زیی، ته‌نیا هاوارم ده‌كرد، تاكو له‌هۆشخۆم چووم.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "من دوو گیان بووم، كاتی بۆردومانه‌كه‌ حاڵم زۆر خراپ بوو، به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌ كۆرپه‌كه‌م له‌ده‌ستدا".

مەھدی حارس هاوسه‌ری ئاوات به‌ كوردستان24ـی رایگه‌یاند، زیانی ئه‌و بۆردومانه‌ی ئێران ئه‌وه‌ بوو كۆرپه‌كه‌م له‌نێو سكی هاوژینه‌كه‌م له‌ده‌ستدا، جیا له‌وه‌ش زیانێكی زۆر به‌ر ماڵه‌كه‌م كه‌وتووه‌.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.

سەرۆک بارزانی لە پەیامی ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆس لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند: "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و بەبێ پاساوە و نامەردانەیە".

هاوکات لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران، زاخۆ، ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بەڕێوەچوو، هەروەها رەوەندی کوردستانیش لە 15 وڵاتی جیهان، بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆک، داوایان لە هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و جەختیان کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوە دەگەڕێن بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.