کاڵن: پرسی کورد تەنیا بە چەکدانان چارەسەر ناکرێت

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) (وێنە: AA)
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) (وێنە: AA)

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەبێت لەسەر دوو بنەمای سەرەکی "چەکدانان" و "دیموکراسیبوون" بڕوات. بە پێویستیشی دەزانێت، یاسای نوێ دەربکرێت بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکەش بگرێتەوە کە لە دەرەوەی یاساکانی ئێستادان.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ غالب دالای، توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، سەرۆکی میت تیشکی خستە سەر رەگ و ریشەی کێشەکە و گوتی: "هەستکردنی بەشێک لە کورد بە پەراوێزخران، جیاکاری بەرامبەرکردن و بێبەشبوون لە مافەکانیان، یەکێکە لە رەهەندە سەرەکییەکانی کێشەکە و دەبێت بە جددی کاری لەسەر بکرێت". 

روونیشیکردەوە، کورتکردنەوەی پڕۆسەکە تەنیا لە چەکداناندا کارێکی ناتەواوە و دەبێت لەسەر دوو هەنگاو بڕوات؛ یەکەمیان چەکدانانە و ئەوەی دیکە چارەسەری ریشەیی پرسی کورد و هەنگاونانە بەرەو دیموکراسیبوون، ناسنامە، فرەکولتووری و مافەکان.

سەبارەت بە هەڵوێستی پەکەکە و خێرایی پڕۆسەکە، ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بە هەندێک لەمپەر کرد و رایگەیاند، جۆرێک لە بەرگری و دوودڵی لەلایەن سەرکردایەتیی پەکەکەوە بەدی دەکرێت لەسەر ئەوەی کە 'چارەنووسی ئەوان چی لێ دێت؟'. لەو بارەیەوە گوتی: "من لەو نیگەرانییانە تێدەگەم، بەڵام لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئەو پرسانە". 

سەرۆکی میت ئەوەشی خستەڕوو، پاش تەواوبوونی قۆناخەکانی چەکدانان و وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا، پێویستە پەرلەمان یاسای تەواوکاری دەربکات بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە پاکێجە یاساییەکانی ئێستا نایانگرێتەوە، ئەوکاتە بە خێرایی هەنگاو بەرەو چاکسازییە دیموکراتییەکان دەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، کاڵن ئاماژەی بەوە کرد، پرسی کورد تەنیا لەناو سنوورەکانی تورکیادا قەتیس نەکراوە، بەڵکو پەیوەستە بە سووریا، عێراق و ئێرانیشەوە، هاوکات باسی لەوە کرد، کورد لە شەڕی دژ بە داعش باجێکی گەورەی داوە. لە کۆتاییشدا کاڵن بەشداریکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستانی لە دامەزراوە دەوڵەتی و سیاسییەکانی سووریادا بە "دەستکەوتێکی گەورە" وەسف کرد.

ئەم لێدوانانەی ئیبراهیم کاڵن لە کاتێکدایە، سەرکردەکانی پەکەکە بەردەوام باس لەوە دەکەن، هەنگاوی پێویستیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی ناوە، لەوانە راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان، کشانەوەی هێز و چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانیان لەناوخۆی تورکیا و سووتاندنی سیمبۆلیی چەکەکان، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە تەنیا قسە دەکەن و هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە نەناوە. هاوکات داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتیی پڕۆسەکە بکات، چونکە پێیان وایە، بەبێ رێبەری زیندانیکراویان، مەحاڵە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت.