خۆپیشاندانی جەماوەری لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەرین دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستی پێکرد

K24 - هەولێر

خۆپیشاندانی جەماوەری فراوان لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین، دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەولێر دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی2024، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دژی هێرشە مووشەکییەکانی سووپای پاسدارانی ئێران، بۆ سەرهەرێمی کوردستان- هەولێر پەیتا پەیتا، هاووڵاتییانی شاری سلێمانی دێنە شوێنی خۆپیشاندانەکە و دەیانەوێت بەیاننامەی ناڕەزایەتی بخوێنەوە و سەبارەت بەو هێرشەی کە کرایە سەر پارێزگای هەولێر، بە دروشمی یەک دڵ یەک جەستە یەک برین یەک ئازار پەیامی خەڵکی سلێمانی دەبێت.

کامەران غەریب، یەکێکە لە بەشداربووی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆمەڵێک رێکخراو لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بانگەوازێکیان ئاڕاستەی خەڵکی شاری سلێمانی کرد، بۆ ئەوەی وەک شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، هاودەنگییان هەبێت بۆ دژ بەو تاوانەی ئێران کە کردییان بەرامبەر بە پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئێمە دەمانەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنین، کە سلێمانیش بەشێکە لە جەستەی ئەم کوردستانە، سلێمانیش بە ئازاری شارەکانی دیکەی کوردستان ئازاری پێدەگات.

گوتیشی: "خەڵکی سلێمانی هەمیشە دەنگێکی رەزای کوردایەتی و نیشتمان پەروەری بووە، ئەمڕۆ بە هەمان شێوە دەنگی مرۆڤ دۆستی خۆی بەرامبەر بە هەموو مرۆڤ دۆستانی جیهان بەرز دەکاتەوە، هەروەها پەیامێکیش دەدات بە دەستدرێژی کاران، کە گرەو لەسەر ناتەبایی کوردستان و حزب و لایەنەکان و خەڵکی نەکەن، هەموومان یەک جەستەین لەم خاکەدا ئەگەر پێویستیش بێت هەموومان ئامادەین گیانی خۆمان بۆ ئەم خاکە فیداکەین".

هەروەها، مرۆڤ هەمووی ئەندامی یەک پەیکەرن، لەکاتی هەر نەهامەتی و ئازاردا ئازار بە هەر یەکێکیان بگات، بەوی دیکەش دەگات، خەڵکی کوردستان و لایەنەکانی کوردستانیش پێویستە بەو شێوەیەبن، کە ئێمە هەموومان بەشێکین لە جەستەی گەورەی نیشتمان، راستە کوردستان کێشەی تێدایە، بەڵام لەکاتە پێویستەکاندا ئێمە هەموومان پشت و پەنای یەکترین.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.