ئارام تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە لە ناوچەکەدا و هەمیشە دەرگای بەڕووی خەڵکی لێقەوماودا کراوە بووە

K24 – هەولێر:
مامۆستایەکی ئایینی رایدەگەیەنێت، میللەتی کورد میللەتێکی موسڵمان دۆست و ئاشتیخوازە، خەڵکانی دیکە کاتێک لە وڵاتانی دیکەوە سەرگەردان دەبن، کۆچ دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و کولتووری پێکەوەژیان دەپارێزێت.
لە قەزای کەلار خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیلی هەولێر بەڕێوەچوو، لە میانەی خۆپیشاندانەکەدا، ئارام تاڵەبانی، مامۆستای ئایینی و کەسایەتی قەزای کەلار، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و ئێران دراوسێن و بەشێک لە پەیامی ئایینی ئیسلامیش باشبوونە لەگەڵ دەوروبەر و دراوسێدا.
گوتیشی، میللەتی کورد میلەتێکی ئاشتیخوازە و هەرێمی کوردستان وەکو شوێنێکی ئارامە لە ناوچەکەدا و هەمیشە دەرگای بەڕووی خەڵکی لێقەوماو و بێلانەدا کراوە بووە.
ئەو مامۆستایە ئایینییە، ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و کولتووری پێکەوەژیان دەپارێزێت، هەروەها میللەتی کورد میلەتێکی موسڵمان دۆست و ئاشتیخوازە.
ئارام تاڵەبانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئێران کە بانگەشەی دیندارێتی دەکات چۆن ئەو زوڵمە گەورەیە دەکات و خەڵک دەکوژێت، بە تایبەتی منداڵێکی ساوا کە هیچ گوناهێکی نییە.
ناوبراو روونیکردەوە، ئەگەر ئێران بە دوای مۆساد دەگەڕێت وڵاتەکانی دەوروبەر خاڵی نین لە مۆساد با بچێت خەرێکی ئەوان بێت.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
ههروهها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".