هۆکاری هەرزانبوونی نرخی ئارد ئاشکرا کرا
K24 – هەولیر
بریکارێکی خۆراک دەڵێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەشە ئاردی مانگانەیان دەفرۆشن، نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، بریکارێکی خۆراک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری هەرزان بوونی ئارد لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە بۆ ئەو بەشە ئاردەی لە بەشە خۆراک دەدرێت، ئەویش زۆرێک لە هاووڵاتییان ئاردەکە نابەنەوە و دەیفرۆشن، هۆکارێکی دیکەش هەرزان بوونی گەنم و جۆیە کە هاوردە دەکرێت لە ئێران و تورکیا ئەمەش وادەکات نرخی ئارد هەرزان بێت، سوودی بۆ ئەو سەموونخانەو نانەواکانیش هەبێت.
ئەو بریکارە گوتیشی، هەندێکجار بەرز بوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکانی کوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرجار ئارد لە بەشە خۆراک نادرێ، تەنیا نۆ مانگ دەدرێت لە ساڵێک، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕدا کە نرخەکەی بۆ سەرو 30 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.
ئەو بریکارە راشیگەیاند، ئەم مانگە بەشە ئاردی خۆراکی مانگانە دەدرێت بە هاووڵاتییان، هەرچەندە ئاردی بەشە خۆراک بە کەڵکی نان نایەت بۆ هاووڵاتییان، هەر بۆیە ناچار دەبن بە فرۆشتنی ئاردەکەیان، هەندێکیش لە هاوولاتییان ئاردەکە دەبەنەوە بۆ نان.
4ـی کانوونی دووەمی 2024، بەبڕیارێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاردرا لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون کە نابێت کێشیان لە 90 گرام کەمتر بێت، بە نرخی هەزار دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشرێت.
حکومەت، لەبەرامبەر هەرزانکردنی نرخی نان و سەمون، وەک پاڵپشتیبە خاوەن سەمونخانەکان و نانەواکان، بڕیاری لیتری غازی شل بە 300 دینار، کە پێشتر یەک لیتر بە 600 دینار بووە، لەگەڵ لێخۆشبوون لە کرێی کارەبا بە رێژەی 50% دەرکرد.
خاوەن نانەوخانە و فڕنەکان هەر فەردەیەکی بە 34 هەزار دینار دەکڕن، حکومەت لە ئێستادا بە 29 هەزار پێیانی دەدات، لەگەڵ کڕینی هەر تۆنێک ئاردیش، فەردەیەک ئارد بێبەرامبەر پێیان دەدرێت. لیژنەکانی قایمقامییەت و چاودێری بازرگانی بازاڕ چاودێری کوالێتی ئاردەکە دەکەن.