نیهاد جامی لە کتێبێکی نوێدا مێژووی تازەگەری شانۆی کوردی بە دیدێکی رەخنەیی دەخاتە بەر باس

نیهاد جامی، شانۆکار و نووسەری کورد، کتێبێکی نوێی لە زنجیرەی کتێبە چاپکراوەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووکدا بڵاودەکاتەوە، کە 24ەمین کتێبی چاپکراوی ئەوە و تایبەتە بە مێژووی تازەگەری شانۆی کوردی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا.

پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026، نیهاد جامی، شانۆکار و نووسەری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "کتێبەکە دیدێکی رەخنەییە بۆ ئەو تازەگەرییەی بە ناوی ئەزموونگەری هاتووەتە ناو شانۆی کوردییەوە، لە کاتێکدا  ئەوەی بە شانۆی ئەزموونگەری ناسراوە، لە بنەڕەتدا شانۆیەکی ئەزموونگەری نەبووە، بەڵکو زیاتر شانۆی وێنەیی عێراقی بووە."

جامی سەبارەت بە گرنگیی کتێبەکەی گوتی، "ڕەنگە پێش من  کەسێکی شانۆکار نەبووە لەو روانگەیەوە رەخنە لە کارەکانی خۆی بگرێت؛ چونکە لە ساڵانی 2006 تا 2011 سەرۆک و دامەزرێنەری تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکووک بووم و دەرهێنەری هەموو بەرهەمەکانی ئەو تیپەش بووم."

 جامی لە کتێبەکەیدا تەنیا رەخنە لە ئەزموونی شانۆیی ئەوانی پێش خۆی ناگرێت، بەڵکو بەشێکی گرنگی رەخنەکانیشی ئاراستەی کارەکانی خۆی کردووە و پێی وایە،  هەموویان یان شانۆی وێنەییان نمایش کردووە، یان خەریکی کاری پێرفۆرمانس بوون."

جامی باسی لەوەش کرد، "هەندێک لە هاوڕێ و دۆستانم لە ئەنجامی ئەم روانینە رەخنەییەم نیگەران بوون، بەڵام من پێم وایە شانۆکارێک نابێت درۆ لەگەڵ نیشتمانەکەی خۆی بکات و ناوی شانۆ لەسەر ئەو کارانە دابنێت کە بە بۆچوونی ئەو شانۆ نین."

نیهاد جامی ئەو کتێبە بە یەکێک لە راستگۆترین کتێبەکانی خۆم دادەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە شێوازی نووسینەکەی تەواو جیاوازە؛ چونکە لەبری ئەوەی تەنیا دید و بۆچوونی ئەوانیتر بخاتە ڕوو، ئەو دیدانەی کردووەتە پرسیار لە خۆی."

بەپێی قسەکانی نیهاد جامی، ئەم شێوازی نووسینەوەی لە کتێبێکی فەیلەسوفی فەرەنسی، ژاک دێرێدا، وەرگرتووە؛ ئەوەی لە رێگەی قسەکردن لە دیدی ئەوانیترەوە پرسیار لە خۆی دەکات و هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات. جامی لەم کتێبەدا هەمان شێوازی بەکار هێناوە و دیدە جیاوازەکانی کردووەتە دەستپێک بۆ پرسیارکردن لە خۆی و ئەزموونی شانۆیی خۆی."

نیهاد جامی، نووسەر، شانۆکار، رۆماننووس و رۆشنبیرێکی دیاری کوردە، خەڵکی شاری کەرکووکە و نیشتەجێی ئەورووپایە. خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و فیکری و شانۆییە. جامی ساڵانێكی زۆره‌ له‌ بواری شانۆدا كارده‌كات، ، چه‌ندین به‌رهه‌می شانۆیی پێشكه‌شی شانۆی كوردی كردووه‌.