وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێک لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بڵاوکردەوە

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق | وێنە: پێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق | وێنە: پێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمەریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

رۆژی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دانوستانەکان لە مانگی ئابی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، گفتوگۆکان لەبارەی دانانی خشتەیەک بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و کەمکردنەوەی پلەبەندی راوێژکار و ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسەر خاکی عێراق بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وڵات لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق پێکدەهێنن و ئاماژەی بەوەکردوە، گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ هەڵسانگادنی مەترسی داعش و دیاریکردنی خشتەیەکی زەمەنی روون بۆ ماوەی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرکەوتوو بوو.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، دەست بە کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتی لە دژی داعش دەکرێت و کار بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق دەکرێت.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکراشیکردووە، لە ماوەی راوێژ و گفتوگۆکردندا، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رێگریکردن لە تەشەنەکردن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان.

رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەمەریکا نامەیەکی ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی نامەکەی ئەمەریکا ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشوازی له‌ ئیلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كردووە و، له‌ دیدارێكدا نامه‌یه‌كی گرنگی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكای بۆ حكومه‌تی عێراق پێگه‌یاندووە.