شارەزایەکی سەربازی: ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە

ئیحسان قەیسون، شارەزای سەربازی
ئیحسان قەیسون، شارەزای سەربازی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی سەربازی، دەڵێت: کشانەوەی ئەمەریکا لە بەرژەوەندی گەلی عێراق نییە و تەنیا بە دڵی ئێرانییەکانە کە مەبەستیانە عێراق داگیربکەن.

ئیحسان قەیسون، شارەزای سەربازی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک لەژێر فشاردا لە عێراق ناکشێتەوە، راستە رووبەڕووی فشار و هێرش دەبێتەوە، بەڵام ئەویش لەبەرامبەردا وەڵامی توندی هێرشەکان دەداتەوە، کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق سەرکەوتنە بۆ ئێران.

ئەو شارەزایە سەربازییە، راشیگەیاند، هێزە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە دەیانەوێت ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، چونکە خۆیان نیازیان وایە خاکی عێراق داگیربکەن، بۆیە ئەمەریکا دەرناچێت و گۆڕەپانەکە چۆل ناکات، ئەگەریش دەربچێت سیناریۆی لوبنان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە.

ئیحسان قەیسون، دەڵێت: رێککەوتنێکی سەربازی هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی ئەمەریکا و عێراق، بۆیە هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان راهێنەرەکانیان راهێنان بە سوپای عێراق دەکەن.

ئەو شارەزایە سەربازییە، پێی وایە بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، ئەو وڵاتە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، چونکە پڕۆسەی چەکدارکردنی سوپای عێراق، ئەمەریکا دابینی دەکات.

ئیحسان قەیسون، لەبارەی هێرشکردنە سەر هەولێر لەلایەن ئێرانەوە گوتی: عێراق تا ئیستا هیچ سکاڵایەکی لەسەر ئەو هێرشەی ئێران، پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نەکردووە، هەروەها حکومەتی عێراقیش سوور نییە لەسەر پاراستانی تەواوی خاکەکەی.

لەبارەی نامەکەی ئەمەریکا بۆ سوودانی، ئەو شارەزایە سەربازییە، ئاماژەی بەوەدا، راگەیەندراوێک هەبوو لەلایەن بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە لە پێنتاگۆنەوە دوو هەفتە لەمەوبەر، کە باسی لەوەکردبوو، "بە هیچ جۆرێک گفتوگۆ ناکەن لەسەر کشانەوەیان لە عێراق، چونکە ئەوان لە چرکە ساتی جەنگدان".

ئیحسان قەیسون، گوتیشی: ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە مانای وایە ناتۆ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆی راهێنەر و راوێژکارە سەربازییەکان، دەکشێنەوە، ئەگەر ئەمانەش بکشێنەوە عێراق زیانێکی گەورە دەکات.