پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت
K24 - واشنتن:
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بە کوردستان24 رایگەیاند، شانازی بە دەستکەوتەکانیان لە عێراق دەکەن و هاوبەشیان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە و هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەیان.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکان باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکراوە، بەڵکو هەردوولا بە هاوبەشی بەردەوام دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
سابرینا سینگ، باسی لەوەکرد، لەسەر داواكاری حكومەتی عێراق لەو وڵاتەین و شانازی بەو كارانە دەكەین کە بە هاوكاری هاوبەشەكانمان و هێزە عێراقییەكان ئەنجاممانداوە، هەروەها ئەم گوروپی كاركردنە هەنگاوی داهاتووی پەیوەندییەكانمانە.
هەر ئەمڕۆ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەیەی ئەمەریكا و عێراق لە دیالۆگی هەماهەنگی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان لە مانگی ئابی 2023 لە واشنتن دەستیانپێكردووە، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەن.
ئۆستن ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەش هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشی بەردەوامی نێوانمان لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە.
هەروەها وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندووە، گواستنەوەمان بۆ قۆناغی دانانی خشتەی كاتی بۆ گۆڕینی ئەركەكانمان لە عێراق بە لەبەرچاوگرتنی سێ فاكتەری سەرەكی كە بریتین لە: هەڕەشەی داعش، هەڵومەرجی گونجاو و پێداویستییەكان و توانای هێزە سەربازییەكانی عێراق.
هاوکات لۆید ئۆستن جەختیکردەوە، هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراق و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو وڵاتەن. ئەمەریكاش پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و ناوچەكە.