روونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ باره‌ى داخستنى نوێنه‌رايه‌تييه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، نوێنه‌رايه‌تييه‌كانى حكومه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ر نيين له‌و قه‌يرانه‌ داراييه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، نوێنه‌رايه‌تييه‌كانى حكومه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ر نيين له‌و قه‌يرانه‌ داراييه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێستا حکومەتى هەرێم لەبەرنامەیدا نییە هیچ نوێنەرایەتیەک دابخات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لەوانەیە گۆڕانکارى لە پێکهاتەى نوێنەرایەتی و ژمارەی کارمەندان و شوێنى باڵەخانەى نوێنەرایەتى بکرێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: نوێنەرە بەرێزەکان هەر دەمێننەوە لە پۆستەکانیان بۆ بەڕێوەبردنى کارو چالاکییەکان لە دەرەوە تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ بارودۆخى دارایی حکومەت لە داهاتوو باشتر ده‌بێت.

ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌:

روونکردنەوەیەک سەبارەت بە کێشەى بودجەى نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە

هەموولایەک ئاگادارى قەیرانى دارایی و هۆکارەکانى قەیرانەکەو کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانەن لەسەر تەواوى دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرەکانى جەنگ دژى داعش و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان. فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە وەک هەر دامەزراوەیەکى دیکەى حکومەت لە کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانە بەدەرنین.

حکومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى فراوانترکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لە کارو پێگەى نوێنەرایەتییەکان دەڕوانێت. هەربۆیە ماوەیەکە لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی لە هەوڵى جیدی داین بۆ دۆزینەوەى رێگە چارەیەک بۆ کێشەى دواکەوتنى بودجەى نوێنەرایەتییەکان.

لەکاتى ئێستادا دەبێ خۆمان لەگەڵ بارودۆخى دارایی حکومەت بگونجێنین، بۆ ئەمەش پێداچوونەوە بە پێکهاتەو شێوازى کارى نوێنەرایەتییەکان لە وڵاتان دەکەین، لەسەر بنەماى هاوکارى و پشتیوانى وڵاتان بۆ هەرێمى کوردستان لە رووى سیاسى و بەشدارى لە جەنگى دژى داعش و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی بە ئاوارەو پەناهەندەکان و بەدەنگەوە هاتن بۆ هاوکارى هەرێمى کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکان. هاوکات جەخت دەکەینەوە کە ئێستا حکومەتى هەرێم لەبەرنامەیدا نییە هیچ نوێنەرایەتیەک دابخات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لەوانەیە گۆڕانکارى لە پێکهاتەى نوێنەرایەتی و ژمارەی کارمەندان و شوێنى باڵەخانەى نوێنەرایەتى بکرێت، بەڵام نوێنەرە بەرێزەکان هەر دەمێننەوە لە پۆستەکانیان بۆ بەڕێوەبردنى کارو چالاکییەکان لە دەرەوە تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ بارودۆخى دارایی حکومەت لە داهاتوو باشتر ده‌بێت.

هاوکات رایدەگەیەنین کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەهێزترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، خواستى کردنەوەى نوێنەرایەتى دیکەشى لە دەرەوە هەیە، ئەمەش جگە لە خواست  و داواکارى ئەو وڵاتانەى کە ئارەزوو دەکەن حکومەتى هەرێم نوێنەرایەتى لە وڵاتەکانیان بکاتەوە. بەڵام ئەم هەنگاوە لەکاتى باشتربوونى بارودۆخى دارایی هەرێم و بەپێى قۆناغەکە بڕیارى لەسەر دەدرێت.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

09/08/2016