سوودانی داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ماوەی 48 کاتژمێری داناوە بۆ راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان.
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتەبەر کە ئەو کردەوە تاوانکارییەکی ئەنجامداوە کە کە هەڕەشە لە پرۆژەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات ئامانجیان لهناوبردنی ئابووری عێراقه و فەرمانی کردووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرابکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بە ئامانجگرتنی کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بە "کارێکی تێکدەرانەی بە ئەنقەست" وەسفکراوە کە ئابووری عێراق دەکاتە ئامانج و جەختیش لە بەسزاگەیاندنی بکەرانی ئەو هێرشە کراوەتەوە.
هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوەشکردووە، شهوی رابردوو ژمارهیهك چهكداری ئاژاوهگێڕ كێڵگهی غازی كۆرمۆریان له باشووری پارێزگای سلێمانی لهڕێگهی درۆنهوه كرده ئامانج، و بهرههمهێنان بهشێوهیهكی كاتی لهو كێڵگهیه وهستا، بهڵام دواتر ئاگری بۆردومانهكه كۆنترۆڵ كرا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
شەوی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کاتژمێر 10:30ـی شەو، هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و سەرچاوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، یەکێک لە عەمبارەکانی نەوتی رەش و پاشماوەی غازی پێکراوە و لە ئەنجامدا گڕی گرتووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
دوای هێرشەکەش، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: كاتژمێر 10:22 شەوی 2024/1/25 بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.
کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
ناحیەی قادر کەرەم ئێستا لە سنووی قەزای چەمچەماڵە کە پێشتر سەر بە قەزای دووزخورماتوو بوو لە پارێزگای سەڵاحەددین و یەکێکە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140.