فەرمی: کۆتایی ئەم وەرزە کلۆپ و لیڤەرپوول لە یەکتری جیادەبنەوە
هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول دوای نزیکەی 10 ساڵ یۆرگێن کلۆپ راهێنەری یانەکەیانی لەگەڵ نابێت، ئەو راهێنەرە ئەڵمانیا بەفەرمی بڕیاریدا دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، بە یەکجاری ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت.
ماڵپەڕی یانەی لیڤەرپوول بڵاویکردەوە، یۆرگێن کلۆپ بەرپرسانی یانەکەیانی ئاگادار کردووەتەوە کە لە کۆتایی وەرزی 2023-2024 یانەکەیان جێدەهێڵێت. هەروەها پیپ لێندەرز و پیتەر کراڤیتز، یاریدەدەرانی کلۆپ ئەوانیش بە هەمان شێوە، لە کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵیدا ریزەکانی یانەکەیان جێدێڵن.
کلۆپ لە مانگی تشرینی یەکەمی 2015ـەوە ڕاهێنەری یانەی لیڤەرپووڵە، دوای 9 ساڵ لە مانگی حوزەیرانی 2024 یانەکەی جێدەهێڵێت. لە سەردەمی ڕاهێنەرە ئەڵمانیەکەدا، ڕیدز توانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، خولی ئینگلیزی، جامی جیهانی یانەکان، جامی یەکێتی ئینگلتەرا، جامی خولی ئینگلیزی، جامی سوپەری ئەوروپا و قەڵغانی ئینگڵتەرا بەدەستبهێنێت.
کلۆپی تەمەن 56 ساڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی یانەکەی سەبارەت بە بڕیارە کتوپڕەکەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوول گووتی " من دەزانم ئەم بڕیارە وەک شۆکێک بوو بۆ زۆر کەس، بەتایبەتی کاتێک بۆ یەکەمجار دەیبیستیت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم، یان لانیکەم هەوڵبدەم ڕوونی بکەمەوە. ڕاستگۆیانە هەموو شتێکی ئەم یانەیەم خۆشدەوێت، هەموو شتێکی ئەم شارەم خۆشدەوێت و هەموو هەوادارەکانمانم خۆشدەوێت، من تیم و ستافەکەم خۆشدەوێت، بەڵام ناچار بووم ئەم بڕیارە بدەم ".
فلۆریان پلێتێنبێرگ رۆژنامەنوسی ئەڵمانی لە تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت ئاشکرای دەکات، کلۆپ دوای وازهێنانی بۆ ماوەی ساڵێک پشوو دەدات و راهێنەرایەتی هیچ یانەیەک و هەڵبژاردەیەک ناکات.