مێسی بەهای یانەکەی گەیاندە 1 ملیار دۆلار

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

لەگەڵ چوونی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، ئەو یانەیە بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوو، بەهای ئەو یانەیە گەیشتە 1 ملیار دۆلار.

پێش ئەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئینتەر مەیامی بکات، کەم کەس هەبوو بێجگە لە هاندەرانی ئەو یانەیە، سەیری یارییەکانیان بکات، بەڵام دوای چوونی خاوەنی هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ ئەو یانەیە، بێجگە لەوەی ملیۆنان هاندەر لە سەرانسەر جیهان سەیری یارییەکانیان دەکەن، ئەو یانەیە ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەهای یانەکەی تۆمار کردووە.

ماڵپەری سپۆرتیکۆی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێشتر لە ئەمریکا تەنها سێ یانە بەهاکەی گەیشتووەتە 1 ملیار دۆلار، ئەوانیش بریتین لە لۆس ئانجلۆس ئێف سی و ئاتلانتا یونایتد و هەروەها لۆس ئانجلۆس گالاکسین. بەڵام دوای چوونی مێسی بۆ ریزەکانی ئینتەر مەیامی، ئەو یانەیەش بەهاکەی گەیشتە 1 ملیار دۆلار.

بێجگە لەوەش پێش ئەوەی لیۆ پەیوەندی بە مەیامی بکات، ئەو یانەیە هیچ ناسناوێکی بەدەست نەبوو، بەڵام دوای هاتنی مێسی توانیان ناسناوی خولی جامی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەیان بەدەست بێنن.