لە 15 رۆژدا 18 ھەزار گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی ھەرێمیان كردووە
"دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران 24كاتژمێر كراوە دەبێت"

K24 - حاجی ئۆمەران:
بەڕێوەبەری بەشی پاسەپۆرتی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران رایگەیاند، لە ماوەی 15 رۆژدا ھەژدە ھەزار گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی ھەرێمی كوردستان كردووە.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) رائید زرار حوسێن، بەرێوەبەری بەشی پاسەپۆرتی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران رایگەیاند: "لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا 18 ھەزار گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە".
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا پێشوازیمان 3 ھەزار گەشتیار و لە ماوەی ھەفتەیەكیشدا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ئێران ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان ژمارەیان 10 ھەزار گەشتیارە، ھەروەھا 5 ھەزار ھاوڵاتی لە رێگای سنووری حاجی ئۆمەران سەردانی ئێرانیان كردووە".
گوتیشی: پێشبینی دەكەین لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا رێژەی ھاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ ھەرێمی كوردستان زیاتر بێت".
رائید زرار حوسێن، ئەوەشی رونكردەوە: "دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لە رۆژانی نەورۆزیش 24 كاتژمێر كراوە دەبێت، ئەوان ھەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو گەشتیارانە دەكەن كە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە ئێرانەوە سەردانی ھەرێمی كوردستان كردووە".