سەرمەد بەیاتی: گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان لاواز بکەن
K24 – هەولێر:
پسپۆڕێکی ئەمنی، رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق سەری لێشێواوە ناتوانێت شوێنی ئاراستەکردنی ئەو درۆن و مووشەکانە بزانێت، ئەمەش وایکردووە کە بگوترێت عێراق پێویستی بە لایەنێک هەیە بۆ ئەوەی کیوماڵی ئەو وڵاتە بکات.
سەرمەد بەیاتی، پسپۆڕی ئەمنی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، لێژنەیەکی باڵای بۆ دانوستانی سەربازی لەگەڵ ئەمەریکا پێکدەهێنێت، بەمهۆیەوە هەموو لایەنە سیاسییەکان پیرۆزباییان لە حکومەتی عێراق کرد پشتیوانیان لەو کارە کرد، هەروەها بەشێك لە وڵاتانیش پیرۆزباییان لێکرد، "بەڵام توشی شۆك بووین بینیمان سێ هێرش کراوە، یەکەمیان؛ بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، دوومیان؛ بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر، سێیەمیان و کە لە هەمووی مەترسیدارترە؛ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر".
ئەو پسپۆڕە ئەمنییە راشیگەیاند، دوای هێرشەکە سوودانی داوای کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێک بێت و بۆ ئەویە بزاندرێت کە لە کوێوە ئەو درۆنە ئاراستەی ئەو کێڵگەیە کراوە، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەکان رانەگەیاندووە، بەڵام بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، کە بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان.
سەرمەد بەیاتی، ئاماژەی بەودا، ئەوەی بینیمان بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بێ متمانەی خۆیان بەرامبەر بەو رێککەوتنەی عێراق و ئەمەریکا نیشاندا وەک خۆیان گوتیان بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی بنکەکانی هاوپەیمانان، ئەمەش وایکردووە عێراق بکەوێتە دۆخێکی جەخاڵەتبار.
ئەو پسپۆڕە ئەمنییە، گوتی: لە ئێستادا حکومەتی عێراق سەری لێشێواوە ناتوانێت شوێنی ئاراستەکردنی ئەو درۆن و مووشەکانە بزانێت، ئەمەش وایکردووە کە بگوترێت عێراق پێویستی بە لایەنێک هەیە بۆ ئەوەی کیوماڵی ئەو وڵاتە بکات، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە دەستنیشان بکرێن کە هێرشەکانی لێەوە ئەنجامدەدرێت.
سەرمەد بەیاتی، گوتیشی: ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەت بۆ هەولێر، بۆ ترساندنی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەکانە، هەروەها دەیانەوێت ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان لاواز بکەن.