بازرگانێکی ئەڵمانی پلانێکی بایدن لەسەر شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات
K24- هەولێر
کیم دۆتکۆم، بازرگانێکی ئەڵمانی- فینلەندی رایگەیاند، بەشێک لە سیاسەتمەداران و جەنەڕاڵەکانی رۆژئاوا داوای ئامادەکاری شەڕ لەگەڵ رووسیا دەکەن بۆ ئەوەی ئۆکرانیا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا شکستی پێنەهێنرێت.
دۆتکۆم، خاوەنی پێشووی گەورەترین کۆمپانیای هۆستکردنی فایلەکانی مێگائەپلۆد، گوتی: ئایا سەرنجت داوە چەندین سەرکردەی سەربازی رۆژئاوا هۆشداری دەدەن لە پێویستی ئامادەکارییەکانی شەڕ لەگەڵ رووسیا؟، ئەوان دەزانن کە ئۆکرانیا بەم زووانە ئۆکسجینی تەواو دەبێت و رووسیاش بەم زووانە هێرش دەکەن، ئەمە هەوڵی جۆو بایدنە بۆ دڵنیابوون لە شکستی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا، پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.
پێشتر زۆرێک لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری رۆژئاوا داوای ئامادەکارییان بۆ شەڕ لەگەڵ رووسیا دەکرد. جگە لەوەش ناتۆ بەنیازە لە مانگی شوباتدا مانۆڕی سەربازی 2024 دەستپێبکات.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ، رۆب پاوەر، لەم مانۆڕانەدا، مەشق و راهێنان لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەگەری "هێرش" لەلایەن رووسیا دەکرێت.
جێگای سەرنجە مۆسکۆ چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە کە رووسیا مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێکی ناتۆ دروست ناکات، بەڵام هیچ هەنگاوێک یان رێوشوێنێک کە رەنگە ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی، پشتگوێ ناخات.